Laith Al-jnaidi,Zeynep Hilal Karyağdı Duran
24 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 14 ئاب 2022
عەمان - AA
شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم ئاشكرایكرد، لە قۆناغی داهاتوودا هاریکاری و هەماهەنگیی پتەوتر لە نێوان وڵاتانی عەرەبیدا دەبێت، بەڵام لە ئێستادا باس لە بیرۆکەی دروست کردنی ناتۆی عەرەبی نەکراوە.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی رهئی نیمچە فەرمی ئوردن، شای ئوردن هەڵسەنگاندنی بۆ پرسه ههرێمییهكان لهنێویاندا فەڵەستین و ئێران کرد.
عەبدوڵڵای دووهم رایگەیاند: "لە قۆناغی داهاتوودا هاریکاری، راوێژ و هەماهەنگیی پتەوتر و چالاکتر لە نێوان وڵاتانی عەرەبیدا دەبێت لە پێناو گەل و دۆزەکانماندا".
سەبارەت بە بیرۆکەی "ناتۆی عەرەبی" کە پێشنیازی هاوپەیمانێتییەکی سەربازیی هاوشێوەی ناتۆیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، شای ئوردن رایگەیاند: "ئێمە باس لە پێویستیی سیستمی کاری بەرگریی بەرنامە بۆداڕێژراو دەکەین لە نێوان وڵاتانی عەرەبیدا. ئەوەش کاری درێژخایەن، هاریکاری و هەماهەنگیی پێویستە لەگەڵ ئامانجی روون و ئاشکرا لەگەڵ وڵاتانی برادا. ئەو پێشنیازە بەشێکی گرنگە لەو بنەمایانەی کە وڵاتانی ئەندامی کۆمکاری عەرەبی پەسەندیان کردووە. بەڵام لە ئێستادا بابەتی هاوپەیمانیی گفتوگۆی لەسەر ناکرێت".
عەبدوڵڵای دووهم لهبارهی دۆزی فەڵەستینیش دوا و باسی لەوە کرد كه "فەڵەستین دۆزی لە پێشینەیە، کلیلی ئاشتییە، دەروازەی سەقامگیری گشتگیر و درێژخایەنە، لەو بابەتەشدا توانای ئابووریی جێگرەوەی چارەسەری سیاسیی نییە".
گوتیشی: "بابەتی ئابووریی گرنگە. مافی ژیانی شکۆمەندانەی فەڵەستینیەکان مافێکی مرۆییە. بەبێ چارەسەری سیاسیی بۆ پێکدادان و ناکۆییەکان گەشەپێدانی ئابووریی بەجێنایەت. هەوڵەکانمان لە رۆژان و هەفتەکانی داهاتوودا تیشکیان خستووەتە سەر پەیوەندی کاریگەر لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و سەرلەنوێ بەردەوامیدان بە پرۆسەی ئاشتیی لەنێوان ئیسرائیلی و فەڵەستینیەکاندا لە پێناو دەستەبەرکردنی ئارامییدا".
لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەشداریی کردنی لە لووتکەی هاریكاریی كهنداو له سعوودیە، شای ئوردن رایگەیاند: "سەرۆک بایدن پێش لووتکەکە کۆبوونەوەی لەگەڵ فەڵەستینی و ئیسرائیلیەکاندا ئەنجمادا. ئەوە پەیامێکە نیشانی دەدات کە ئەمریکا گرنگیی بە ناوچەکە دەدات. بەشداریی ئەمریکا لە لووتکەکەدا گرنگییەکی سیاسیی و ئابووریی هەیە بۆ وڵاتانی عەرەبی".
شای ئوردن لهبارهی ئێرانیشهوه دوا و جهختی لهوه كردهوه كه ناوچەکە پێویستی بە قەیران و ناکۆکی زیاتر نییە، بە پێچەوانەوە پێویستی بە هاریکاریی و هەماهەنگیی هەیە.
گوتیشی: "ئوردن و تەواوی وڵاتانی عەرەبی خوازیاری پەیوەندی ئاسایین لەگەڵ ئێران لەسەر بنەماکانی رێزگرتن له یهكتری، پەیوەندی باشی دراوسێیهتی، رێزگرتن لە سەروەری و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی. پێمان وایە چارەسەری ناکۆکییەکان بە دیالۆگدا تێدەپەڕێت".
عەبدوڵڵای دووهم باسی لەوەش کرد، دەستوەردانەکانی ئێران درێژبووەتەوە بۆ وڵاتانی عەرەبی و رایگەیاند: "ئێمە ئەمڕۆ لەسهر سنوورەکانمان بەرەنگاری هێرشە بەرنامە بۆداڕێژراوەکانی ئەو میلیشیایانە دەبینەوە کە پەیوەندییان لەگەڵ ئێراندا هەیە. لەبەر ئەوە دەمانەوێت گۆڕانکاری لە هەڵوێستی ئێراندا ببینین. پێویستە ئەوە بکرێتە هەنگاوی بەرجەستە".
ئەوەشی خستەڕوو کە وڵاتەکەی پشتیوانی لە دامەزراندنی هاریکاری ناوچەیی دەکات، لەو بابەتەشدا لەگەڵ عێراق و میسر هاریکاریی سێقۆڵی، لەگەڵ سعوودیە و ئیمارات و ئیدارەی قوبرسی یۆنانی لەلایەکی دیکە لە ههماههنگییدایه.
شای ئوردن گوتیشی: "ئوردن گرنگیی بە هەموو جۆرە هەوڵێکی ناوچەیی دەدات بۆ هاریکاری کە دەستەبەری گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی گەلانی ناوچەکە دەکات".
عەبدوڵڵای دووەم، لە ٢٤ی حوزەیراندا بە کەناڵی CNBCی ئەمریکی راگەیاندبوو، پشتیوانی لە هاوپەیمانییەکی سەربازیی هاوشێوەی ناتۆ دەکەن لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.