Mennatallah H. H. M. Said A.
10 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2022
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئامادەیی خۆی بۆ کارکردن لەگەڵ پارتی کۆماریی راگەیاند.
جۆ بایدن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا رایگەیاند کە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان هەرچییەک بێت، ئەو ئامادەیە لەگەڵ کۆمارییەکان کاربکات.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا کە سەرکردەکانی پارتی دیموکرات و پارتی کۆماریی بانگهێشتی کۆشکی سپی دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی سیاسەتەکانی ماوەی داهاتوودا، هەروەها بۆ جێبەجێکردنی هەموو ئەو بابەتانەی کە بەرژەوەندی گەلی ئەمریکا بەدی دەهێنن.
جۆ بایدن ستایشی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس و ئەدای پارتەکەی (پارتی دیموکرات) کرد و ئەگەری سەرکەوتنی بەرچاوی کۆمارییەکان لەم هەڵبژاردنانەدا بەدوور زانی.
گوتیشی: "چاوەڕوانییەک هەبوو کە شەپۆلی سوور (ی کۆمارییەکان) رووبدات، بەڵام ئەوە رووی نەدا.
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن راشیگەیاند "ئەمریکییەکان لەم هەڵبژاردنانەدا توانیویانە پارێزگای لە دیموکراسییەت بکەن".
جۆ بایدن سوپاسی ئەمریکییەکانی کرد بۆ بەشداریکردنی بەرفراوانیان لە هەڵبژاردنەکاندا، بەتایبەتی گەنجانی نەوەی Z (لەدایکبووانی ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو و ناوەڕاستی دەیەی یەکەمی ئەم سەدەیە) و گوتی:
"ئەمڕۆ تاقیکردنەوەیەکی باش بوو بۆ دیموکراسییەت و هیچ کاتێک وەک ئەمڕۆ، گەشبین نەبووم بە داهاتووی ئەمریکا".
جۆ بایدن هەروەها بێزاری و ترسی زۆرێک لە ئەمریکییەکان بەهۆی کێشەکانی هەڵئاوسان و گرانی نرخی بەنزین و سەرچاوەکانی وزە نەشاردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە لەگەڵ پارتەکەیدا کاردەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵئاوسان و کەمکردنەوەی تێچووی ژیان و بەڵێنیدا رێگری بکات لە هەڵگرتنی چەک.
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن سەبارەت بە ھەڵوێستی لە بارەی خۆکاندیدکردنەوە بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە نیازی ھەیە بۆ ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ٢٠٢٤ خۆی کاندید بکات، بەڵام چاوەڕوانی کاتی گونجاو دەکات تا بڕیاری کۆتایی رابگەیەنێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشدا کە بەپێی بنەماکانی دەستووری ئەمریکا کاردەکات بۆ ئەوەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ نەگەڕێتەوە کۆشکی سپی.
لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسدا، ماکسوێڵ فرۆست گەنجی تەمەن ٢٥ ساڵ سەربە پارتی دیموکرات کورسییەکی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا (ویلایەتی فلۆریدا) بەدەست هێنا و بووە یەکەم و گەنجترین ئەندامی کۆنگرێس لە نەوەی Z (لەدایکبووانی ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو و ناوەڕاستی دەیەی یەکەمی ئەم سەدەیە).