Abdullah Shukur
07 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2018
پاریس - AA
رێکخستنی پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپول)، رایگەیاند کە سەرۆکی ئێستای ئینتەرپول، مینگ ھۆنگڤی کە لەوەتەی کۆتایی مانگی ئەیلوولی رابردووەوە بێسەروشوێنە، دەستی لەکارکێشاوەتەوە و بڕیاریشە لە ١٨-٢١ی تشرینی دووەم لە ئەنجوومەنی گشتی سەرۆکێکی نوێ ھەڵبژێردرێت.
ئینتەرپول کە ناوەندەکەی لە شاری لیۆنی فەڕەنسایە، رایگەیاند کە مینگ دەستی لەکارکێشاوەتەوە.
بەپێی ئەو راگەیەنراوەی بەناوی سکرتاریەتی گشتی ئینتەرپول بڵاوکراوەتەوە، "ئەمڕۆ، ٧ی تشرینی یەکەم، سکرتاریەتی گشتی ئینتەرپول لە شاری لیۆنی فەڕەنسا دەستبەجێ بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی مینگ وەرگرتووە".
راشگەیەنرا بە پێی یاساکانی ئینتەرپول تا دیاریکردنی سەرۆکێکی نوێ، کیم جۆنگ یۆنگ کە بەرەگەز خەڵکی کۆریای باشوورە وەک بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ئینتەرپول ئەرکەکەی وەرگرتووە و لە ١٨-٢١ی تشرینی دووەم لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتی لە وڵاتی ئیمارات سەرۆکێکی نوێ ھەڵبژێردرێت".
چەند رۆژێک پێش ئیستا ھەواڵی بێسەروشوێنبوونی مینگ بڵاوبووەوە و لێکۆڵینەوەی پێویست لەمبارەیەوە دەستیپێکردبوو.
پێشتریش کۆمسیۆنی چاودێری و جڵەوگیری ناوەندی پارتی کۆمۆنیستی چینی رایگەیاندبوو، کە جێگری وەزیری ئاسایشی گشتی چین و سەرۆکی ئینتەرپول، مینگ بە گومانی پێشێلکردنی یاساکان لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
پێنجی تشرینی یەکەمی رابردوو، ئینتەرپول رایگەیاندبوو کە مینگ لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی رابردوو لە فەڕەنساوە سەردانی چینی کردووە و لەو کاتەوە ھیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نازانرێت.
مینگ لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ بە سەرۆکی ئینتەرپول ھەڵبژێردرابوو.