Dildar Baykan Atalay
02 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2022
واشنتۆن – AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلادیمیر زیلینسکی رایگەیاند "ئەگەر ھاوبەشەکانمان، بەھۆی ئەوەی رووسیا نایەوێت ئۆکراینا ببێت بە ئەندام لە ناتۆدا، ئامادەنین ئۆکراینا لە ناتۆ وەربگرن، ئەوە دەبێت کار لەسەر دابینکردنی گەرەنتیی ئەمنیی ھاوبەش بۆ ئۆکراینا بکەن".
زیلینسکی لە میانی بەشداریکردنی لە دیمانەیەکی ھاوبەشی کەناڵی سی ئێن ئێن و ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز، ھەڵسەنگاندنی بۆ شەڕی رووسیا-ئۆکراینا کرد.
سەرۆکی ئۆکراینا باسی لە گوتاری "ھەڵوێستی یەکێتی"ی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن کرد کە ئەم ئێوارەیە لە دانیشتنێکی ھاوبەشی کۆنگرێس پێشکەشی دەکات، و رایگەیاند دەبێت بایدن "پەیامێکی بەھێز و بەکار" بە رووسیا بدات.
زیلینسکی، ئاماژەی بەوە کرد کە پێش ئەوەی ببێت بەسەرۆک کاری ئەکتەری کردووە و گوتی: "دۆخەکە زۆر جیددییە. ئێستا لە فلیمێکدا نیم. من داھێنەر نیم، ئۆکراینا داھێنەرە. ئۆکراینا، دڵی ئەورووپایە و لەو بڕوایەدام کە ئەورووپا بە نیگایەکی تایبەتەوە لە ئۆکراینا دەڕوانێت. لەبەر ئەم ھۆیە، نابێت جیھان شتێکی وا تایبەت لەدەست بدات".
- "ئەگەر رووسەکان ئامادەی ئاشتی نین، ئەم دانووستانانە تەنھا کات بەفیڕۆدانە"
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلادیمیر زیلینسکی باسی لە کۆبوونەوەکانی بێلاڕووس لە نێوان بەرپرسەکانی ئۆکراینا و رووسیا کرد و گوتی: "ئەگەر رووسیا ئامادەی ئاشتی بێت ئەوە بوونمان لەوێ گرنگە، بەڵام ئەگەر ئامادەی ئاشتی نەبێت ئەوە ئەم کۆبوونەوانە تەنھا کات بەفیڕۆدانە".
- سەرۆکی ئۆکراینا داوای گەرەنتیی ئەمنی لە ناتۆ کرد
ڤلادیمیر زیلینسکی ئاماژەی بە ھەڵوێستی ناتۆ لە بەرامبەر ئۆکراینا کرد و گوتی: "ئەگەر ھاوبەشەکانمان، بەھۆی ئەوەی رووسیا نایەوێـت ئۆکراینا ببێت بە ئەندام لە ناتۆ، ئامادەنین ئۆکراینا لە ناتۆ وەربگرن، ئەوە دەبێت کار لەسەر دابینکردنی گەرەنتیی ئەمنیی ھاوبەش بۆ ئۆکراینا بکەن".