Ömer Faruk Yıldız
05 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2022
جنێڤ – AA
سەرۆکوەزیرانى ئۆکراینا، دێنیس شمیگال رایگەیاند بۆ ئەوەى وڵاتەکەى لە دواى جەنگەکە گەشەبکاتەوە پێویستیان بە ٧٥٠ ملیار دۆلار هەیە.
شمیگال، لە میانى گوتارێکیدا لە کۆنفرانسى گەشەپێدانى ئۆکراینا کە لە شارى لوگانۆ-ى سویسرا بەڕێوەچوو باسى لەو زیانە مادییانە کرد کە هێرشەکانى رووسیا لە ئۆکراینا درووستیکردووە.
سەرۆکوەزیرانى ئۆکراینا، ئاماژەى بەوە کرد کە لە دەستپێکى جەنگەکە لە ٢٤ى شوباتەوە بۆ ئێستا ئەو زیانانەى کە ژێرخانى ئۆکراینا بەریکەوتووە گەیشتووەتە ١٠٠ ملیار دۆلار و رایگەیاند بۆ ئەوەى سەرلەنوێ ئۆکراینا بونیات بنرێتەوە پێویستى بە پلانى سێ قۆناغی گەشەپێدان هەیە.
دێنیس شمیگال، سەرنجى بۆ ئەوە راکێشا کە لە قۆناغى یەکەمدا دەبێت ژیانى رۆژانەى خەڵک ئاساییبکرێتەوە و لە قۆناغى دووەم شوێنى نیشتەجێبوونى کاتى، نەخۆشخانە و خوێندنگە درووست بکرێت و رایگەیاند پێشبینى ئەوەش کراوە کە لە قۆناغى سێیەمدا دەست بە پرۆسەى گەشەپێدانى وڵاتەکە بکرێت.
شمیگال، جەختى لەوە کردەوە کە ئەو پلانى گەشەپێدانە پێویستى بە ٧٥٠ ملیار دۆلار هەیە و گوتى: "کێ ئەو پارەیەى کە پێویستە بۆ جێبەجێکردنى پلانى نوێبوونەوە دەدات؟".
لەلایەکى دیکەوە، سەرۆکى کۆمسیۆنى یەکێتى ئەورووپا ئورسولا ڤۆن دێر لاین لە میانى گوتارێکیدا لە کۆنفرانسەکە ئاشکرایکرد کە یەکێتى ئەورووپا بۆ سارێژکردنى برینەکانى ئۆکراینا لە دواى جەنگەکە و سەرلەنوێ بونیاتنانەوەى ئابوورى وڵاتەکە پلاتفۆرمێک درووست دەکات.
ڤۆن دێر لاین، زانیارى ئەوەشى بڵاوکردەوە کە لە دەستپێکى جەنگەکەوە بۆ ئێستا یەکێتى ئەورووپا بڕى ٦،٤ ملیار دۆلارى وەکو هاوکاریى دارایى بۆ ئۆکراینا ناردووە و گوتى: "هاوکارى دارایى زیاتر دێت. قورساییەکى جددى دەدرێتە پرۆسەى سەرلەنوێ بونیاتنانەوەى مەودا مامناوەند و مەودا درێژ".
کۆنفرانسى گەشەپێدانى ئۆکراینا سبەى کۆتایى دێت. جێگرى وەزیرى دەرەوەى تورکیا و سەرۆکى کاروبارى یەکێتى ئەورووپا، باڵیۆز فاروق کایماکچى نوێنەرایەتى تورکیا لە کۆنفرانەسەکە دەکات.