Mümin Altaş
07 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2022
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە رێورەسمێکی فەرمیدا پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی مالیزیا، ئیسماعیل سەبری یەعقوب کرد.
سوارچاکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە شەقامی بەردەم کۆشکی کۆمارییەوە پێشوازییان لەو ئۆتۆمبێلە کرد کە سەرۆکوەزیرانی مالیزیای ھەڵگرتبوو و تاکو بەردەرگای پرۆتۆکۆل بەڕێیانخست.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە دەروازەی سەرەکیی کۆشکی کۆماریی پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی مالیزیا، ئیسماعیل سەبری یەعقوب کرد.
دوای راوەستانی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکوەزیرانی مالیزیا، ئیسماعیل سەبری یەعقوب لەو شوێنەی کە لە گۆڕەپانی رێورەسمەکە بۆیان دیاریکرابوو، سروودی نیشتمانیی ھەردوو وڵات لەگەڵ تەقاندنی ٢١ تۆپ لێدرا و یەعقوب لەبەردەم ئاڵای پاسەوانی شەرەف راوەستا و بە تورکی سڵاوی لێکردن.
لە رێورەسمەکەدا، ئاڵای ئەو ١٦ دەوڵەتە تورکەی کە بە درێژایی مێژوو دامەزراوە و سەربازەکانی جێگیرکران.
دوای پێشکەشکردنی شاندی ھەردوو وڵات ئەردۆغان و یەعقوب لەسەر پەیژەکان و لەبەردەم ئاڵای تورکیا و مالیزیا راوەستان و وێنەیان گیرا.
ئەردۆغان و یەعقوب دوای کۆبوونەوەی دووقۆڵیی نێوانیان و کۆبوونەوەی نێوان شاندی ھەردوو وڵات، بەشداری لە رێورەسمی واژووکردنی رێککەوتنامەکان دەکەن و کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەش سازدەکرێت.
ھەریەک لە وەزیری بەرگریی، خولوسی ئاکار؛ وەزیری بازرگانی، مەهمەت مووش؛ وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆژیا، مستەفا ڤارانک؛ سەرۆکی کاروباری کارگێڕی لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، مەتین کڕاتڵی؛ سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، فەخرەددین ئاڵتون؛ گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن و پارێزگاری ئەنقەرە، واسیب شاھین ئامادەی رێورەسمەکە بوون.