Ahmed Gouda
23 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2023
ڕامەڵڵا – AA
ھێزەکانی سوپای ئیسرائیل، ھەڵیانکوتایە سەر ژمارەیەک شارو شارۆچکەی کەناری ڕۆژئاوا و لە میانیدا ٥٥ فەڵەستینیان دەستگیرکرد.
ئاژانسی ھەواڵی فەرمی فەڵەستین "WAFA" لە ژمارەیەک سەرچاوەی خۆجێی بڵاوی کردووەتەوە کە ھێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە میانی ھەڵیانکوتاوەتە سەر کەمپی ئاوارەکانی عەقبەت جەبر لە شاری ئەریحا رۆژھەڵاتی کەناری ڕۆژئاوا، نۆ فەڵەستینیان دەستگیرکردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوەکانەوە دەست کەوتوون، سوپای ئیسرائیل ھەڵیانکوتاوەتە سەر کەمپی جەلزون باکووری ڕامەڵڵا و لە میانیدا ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان فەڵەستینییەکان و سەربازانی ئیسرائیلدا ڕوویداوە.
بە گوتەی سەرچاوەکان لە ئاکامی ڕووبەڕووبوونەوەکەدا لە کەمپی جەلزون، ھاووڵاتییەکی فەڵەستینی برینداربووە و ١٤ فەڵەستینی دیکەیش دەستگیرکراون.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەیشداوە کە لە میانی ھەڵکوتانە سەر شارۆچکەی ڕیما باکووری ڕۆژئاوای ڕامەڵڵا، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، ژمارەیەک فەڵەستینی دەستگیرکراون.
ھەروەھا ھێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە میانی ھەڵکوتانە سەر شارۆچکەی بەنی نەعیم باشووری شاری خەلیل، ١١ فەڵەستینی دەستگیرکرد.
ھاوکات بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە دەست کەوتوون، ھێزەکانی سوپای ئیسرائیل زەنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان لە ژمارەیەک ناوچەی پارێزگاکانی بەیت لەحم و نابلوس ئەنجامداوە و لە میانیدا، ١٧ فەڵەستینیان دەستگیرکردووە.
سەرچاوەکان ڕاشیانگەیاندووە کە سێ فەڵەستینی لە ڕۆژئاوای جەنین لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستگیرکراون، ھەروەھا دەست بەسەر ماڵی یەکێک لە دەستگیرکراوەکاندا بەناوی ئەحمەد سەمیر-دا گیراوە و ماڵەکە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کراوە بە خاڵێکی سەربازی.
لای خۆیەوە یانەی دیلی فەڵەستینی ڕایگەیاند کە ھاووڵاتییەکی فەڵەستینی بەناوی محەمەد ماھیر لە کاتی تێپەڕبوونی بە خاڵێکی سەربازی لە نزیک شاری توڵکەرەم، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستگیرکراوە.