Abdullah Shukur
22 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 23 نیسان 2017
ئیدلیب - AA
لە ئەنجامی ھێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی گوندی عەبیدین لە دەورپشتی شاری ئیدلیبی ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، چوار کەسی سڤیل گیانیان لەدەستدا و زیانێکی زۆریش بە نەخۆشخانەکە کەوت.
وەزیری تەندروستی حکوومەتی کاتی سووریا فیراس جوندی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە، "دوای نیوەڕی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکان ھێرشێکی ئاسمانیان بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی گوندی عەبیدین لە دەروپپشتی شاری ئیدلیب ئەنجامداوە و بەم ھۆیەوەش خزمەتگوزاری نەخۆشخانەکە بە تەواوی داخراوە.
جوندی راشیگەیاند کە چوار کەسی سڤل کە لە نەخۆشخانەکەدا لە ژێر چارەسەریی دابوون، بەھۆی ھێرشەکەوە گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆری کارمەندی تەندروستیش برینداربوون.
جوندی ئەوەشی خستەڕوو کە بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانە گەڕۆکەکان کراون و زیانێکی زۆریش بەر نەخۆشخانەکە کەوتووە.
لەلایەکی دیکەش تیمەکانی فریاکەوتنی شارستانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایانگەیاند کە لە دوای ھێرشەکە کارمەندانی تەندروستی نەخۆشخانەکەش برینداربوون.
راشگەیەنرا کە کارەکانی تیمەکانی فریاکەوتن لە ناوچەکەدا بەردەوامە.