Hasan Esen
10 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2022
له‌نده‌ن – AA
سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا، بۆریس جۆنسۆن به جه‌ختكردنه‌وه له‌وه‌ی به‌رده‌وام ده‌بن له پشتیوانیكردنی ئۆكراینا رایگه‌یاند "له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانماندا گوشاره ئابوورییه‌كان زیاد ده‌كه‌ین و هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك به‌رده‌وام ده‌بین له چڕكردنه‌وه‌ی سزاكان بۆسه‌ر رووسیا".
بۆریس جۆنسۆن له كیێڤ پایته‌ختی ئۆكراینا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئۆكراینا، ڤلۆدیمێر زێلێنكسی كۆبووه‌وه و دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌یش هه‌ردوولا بۆ میدیاكاران دوان.
سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا گه‌لی ئۆكراینای به 'قاره‌مان' له‌قه‌ڵه‌م دا و به تیشك خستنه سه‌ر ئه‌وه‌ی كه به‌ر له جه‌نگ رووسیا وای بیر ده‌كرده‌وه به چه‌ند كاتژمێڕێك كیێڤ ده‌كه‌وێت، گوتی: "زۆر به‌هه‌ڵه‌دا چوون. پێم وایه ئۆكراینا بوێری شێری نیشان دا و ڤلۆدیمێر تۆ بووی به ده‌نگی ئه‌و شێره. سوپاسی كاره‌كانت ده‌كه‌م و سهرۆكایهتییهكهت كه‌موێنه بوو".
بۆریس جۆنسۆن تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له‌وانه‌یه پاشه‌كشه‌ی هێزه‌كانی رووسیا له ژماره‌یه‌ك له ناوچه‌كانی ئۆكراینا تاكتیكی بێت، گوتی: "ئێستا ده‌یه‌وێت گوشاره‌كانی بۆسه‌ر دۆنباس و رۆژهه‌ڵات چڕ بكاته‌وه، بۆیه پێویسته پشتیوانی له ئۆكراینا بكرێت. له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانماندا گوشاره ئابوورییه‌كان زیاد ده‌كه‌ین و هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك به‌رده‌وام ده‌بین له چڕكردنه‌وه‌ی سزاكان بۆسه‌ر رووسیا".