Dlshad Saifaalddin Ahmed
07 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2019
سلێمانی ـ AA
ئەمڕۆ ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی باندێکی چوار کەسیان راگەیاند، لە شوێنی تاوانەکەشیان تەرمی یەکێک لەو کەسانەیان دۆزییەوە کە لە لایەن ئەو باندەوە دوای رفاندن و ئازاردانی کوژراوە و لەو ناوچەیەدا لە نزیک شاری سلێمانی کراوە بەژێر خۆڵەوە.
بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی، حەسەن نوری لە شوێنی تاوانەکە و دوای نیشاندانی تاوانبارەکان و ئەنجامدانی رێوشوێنی ئاشکراکردنی تاوانەکانیان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن دوا و گوتی: "لەو کاتەوەی من لێکۆڵینەوە دەکەم و لەم دەزگایەم، گرووپی لەم شێوەیە مەترسیدارم نەبینیوە کە شەوانە لەناو شاری سلێمانی گەڕاون و ھیچیان خەڵکی شارەکە نین، سەرەتا دەستیانکردووە بە تاوانی رفاندنی پارە و جەنتای ئافرەتان، دواتر لە ساڵی ٢٠١٦ەوە دەستیانکردووە بە رفاندن و دزینی ئۆتۆمبێل".
حەسەن نوری گوتی: "ئەو گرووپە زۆربەی تاوانەکانیان بە شەودا ئەنجامداوە و لەگەڵ باندێکی تر لە خوارووی عێراق پەیوەندییان ھەبووە و ئۆتۆمبێلەکانیان رەوانەی ئەوێ کردووە و فرۆشتونیان، گرووپەکەی تریش لەو شارانەوە ئۆتۆمبێلیان رفاندووە و لێرە ئەمان فرۆشتونیان".
بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد کە لە زۆربەی ئەو تاوانانەدا گرووپەکە ھەوڵیانداوە شۆفێرەکانیش بفڕێنن تا شوێن پێی تاوان بەدوای خۆیاندا بەجێ نەھێڵن، یەک لەو قوربانییانەش شۆفێرێک بووە کە دوای بەرگریکردن کوشتویانە و لەم جێگایە کراوە بەژێر خۆڵەوە.
حەسەن نوری باسی لەوەش کرد، گرووپەکە پێشینەی تاوانیان ھەیە، دوای دزرانی ئۆتۆمبێلی کچێک لە گەڕەکی بەکرەجۆ و دۆزینەوەی سەرەداوی تاوانەکە ئەم گرووپە دەستگیرکران و تاوانەکانی تریان ئاشکرا کرا.
بەگوتەی بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی، ئەو باندە تا ئێستا دوو کەسیان لەناو شاری سلێمانی کوشتووە و دەیان تاوانی تری دزین و رفاندنی ئۆتۆمبێلیان ئەنجامداوە.