Dlshad Saifaalddin Ahmed
06 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی سەركۆماری پێشووی عێراق و سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، جەلال تاڵەبانی لە ئەڵمانیاوە گەڕێنرایەوە فڕۆكەخانەی سلێمانی، لەوێ لە رێوڕەسمێكی تایبەتی پرۆتۆكۆلیدا پێشوازی لە تەرمی تاڵەبانی كرا.
دوای بەڕێوەچونی پێشوازی سەربازی و تەقاندنی 21 گوللـەتۆپ، تاجە گوڵینەی رێز لە لایەن سەركۆماری عێراق، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وەزیری دەرەوەی ئێران، نوێنەری تایبەتی شای ئوردن، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کورستان و ژمارەیەكی دیکە لە میوانان و باڵیۆز و كونسوڵی وڵاتانی جیهان، بنەماڵەی تاڵەبانی دانرا.
لە ئێستاشدا تەرمەكەی بەرەو مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی بەڕێكرا، لەوێشەوە بەرەو گردی دەباشان لە نزیك ماڵەكەی خۆی بەڕێدەكرێت و بەخاك دەسپێردرێت.
لەسەر شەقامەكانیش، بە درێژایی شەقامی فرۆكەخانە تا شەقامی سالم و بەردەم مزگەوتی گەورە و گردی دەباشان، هاووڵاتیان و چین و توێژە جیاجیاكان لە گەورە و بچووك بە پێوە وەستاون و وێنەی تاڵەبانی و ئاڵای رەشیان بەرز كردووەتەوە و چاوەڕوانی گەیشتنی تەرمەكەی تاڵەبانی دەكەن.
رۆژی سێشەممە ٣ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٧، جەلال تاڵەبانی لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا لە ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد.