Tuğba Altun
27 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 28 کانوونی دووەم 2025
ئەنقەرە - AA
سبەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان سەردانی سعوودیە دەکات.
بەپێی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوە دیپلۆماسییەکانەوە وەرگیراوە، فیدان لە کۆبوونەوەکانیدا جەخت لەسەر پەیوەندیە سیاسییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکاتەوە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر دەبێت، لەگەڵ زیادکردنی قەبارەی بازرگانیی لەگەڵ سعوودیە کە بەخێرایی گەشەی کردووە.
لەو سەردانەیدا وەزیری دەرەوەی تورکیا باس لەوە دەکات ئەنجوومەنی هەماهەنگی تورکیا-سعوودیە میکانیزمێکی گرنگە کە زەمینە ساز دەکات بۆ قووڵبوونەوەی هاریکاریی دوولایەنە و دۆزینەوەی بوارە نوێیەکانی هاریکاریی و، باس لە گرنگیی زیادبوونی پەیوەندی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکات لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە سووریا، چاوەڕوانیش دەکرێت هەڵوێستی سعوودیە لەو بارەیەوە بەرز بنرخێنێت.
چاوەڕوان دەکرێت فیدان جەخت لەسەر گرنگیی هاریکاریی تورکیا و سعوودیە بکاتەوە لە بارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا و، ئاماژە بە گرنگیی زیادکردنی گوشارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بکات بۆ ئەوەی ئەو ئاگربەستەی لە غەززە دەستەبەر کراوە بکرێتە درێژخایەن.
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت هاکان فیدان جەخت لەسەر گرنگیی هاریکاریی نزیکی تورکیا و سعوودیە بکاتەوە بۆ جێبەجێ کردنی دیدگای چارەسەر دوو دەوڵەتیی.
بەبۆنەی ئەو سەردانەوە تاوتوێی کارەکانی ئەنجوومەنی هەماهەنگیی تورکیا-سعوودیە دەکرێت، کە لە ساڵی ٢٠١٦دا لە نێوان هەردوو وڵاتدا دامەزراو و، یەکەم کۆبوونەوەی لە ٧-٨ی شوباتی ٢٠١٧دا لە ئەنقەرە ئەنجامدرا.
پێشبینی دەکرێت دووەم کۆبوونەوە لە ماوەکانی داهاتوودا بە سەرۆکایەتی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات لە ڕیازی پەیاتەختی سعوودیە ساز بکرێت.