Heman Hussein Yaseen Yaseen
01 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2019
هەولێر - AA
لە سبەی سێشەممەوە، ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان کە ناویان لە تیروپشک دەرچووە، دەست بە مامەڵەکردن دەکەن و نرخی سەفەرکردنیش لە ساڵی رابردوو زیاترە و تیروپشکی کۆمپانیاکانی گواستنەوەش ئەنجامدراوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، بەڕێوەبەری گشتی حەج و عەمرە لە ھەرێمی کوردستان، شێخ قاسم نەقشبەندی رایگەیاند، بڕیاردراوە کە دەست بە مامەڵەی ئەو ھاووڵاتییانە بکرێت کە ناویان لە تیروپشک دەرچووە و ئەمساڵیش دوایین قۆناغی ئەو ھاووڵاتییانەی سەفەری حەج دەکەن کە لە ماوەی سێ ساڵ پێش ئێستا ناویان دەرچووە و ئەمساڵیش چوار هەزار و ٨٨٠ هاووڵاتیی لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی حەج دەکەن و سەردانەکەش لە ١٠ی تەمووزی ئەمساڵ دەست پێ دەکات".
شێخ قاسم نەقشبەندی گوتی: "ئەمساڵ ھەر ھاووڵاتییەک بڕی چوار هەزار و ٢٠٠ دۆلاری لێ وەردەگیرێت و بڕەکەش لە ساڵی رابردوو زیاترە و جیاوازی بە زیاتریش لەگەڵ دەستەی حەجی عێراق هەیە، هۆکارەکەش ئەوەیە کە شوێنی حەوانەوەی حاجیانی ھەرێم نزیکترە و زیادەی خەرجیشی ھاتووەتە سەر و بەراورد بە کۆی خەرجییەکان کە دەستەی حەجی عێراق وەردەگیرێت، ئەوا بڕی ١٥٠ دۆلار زیاترە".
لەبارەی جێگۆڕکێ پێکردنی ناوەکانیش، بەڕێوەبەری گشتی حەج و عەمرە لە هەرێمی کوردستان گوتی: "ھەموو ئەوانەی کە ھاووڵاتییەک دەتوانێت بۆ یەکتری تەنازوول بکەن، ئەوا بە خۆڕایی مامەڵەکەیان بۆ ئەنجام دەدرێت، لەبارەی خێزانەکانی شەھیدانیش تەنھا وەزارەتی شەھیدانی حکوومەتی ھەرێم بڕیار دەدات و ئێمەوە پابەندین پێییەوە".
شێخ قاسم نەقشبەندی گوتیشی: "تیروپشک بۆ کۆمپانیاکانی گواستنەوە ئەنجامدراوە کە ژمارەیان ١٠٤ کۆمپانیایە و لەوێش شوێنەکانی حەوانەوەی حاجییان بە جۆرێک نزیکە لە کەعبە ئەوا حاجییان دەتوانن بە ١٥ خولەک بە پیادە بگەنە ئەوێ و ئەمەش جۆرێکە لە ئاسانکاریی بۆ حاجییانی هەرێمی کوردستان".
لەبارەی ئەوەی کە هاووڵاتییەک بۆ جاری دووەم و سێیەم فەریزەی حەج جێبەجێ دەکات، شێخ قاسم نەقشبەندی گوتی: "هەر هاووڵاتییەک جاری دووەم و زیاتری بێت کە فەریزەی حەج ئەنجام بدات، ئەوا سعوودیە بڕی ٥٥٠ دۆلار لێ وەردەگرێت".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە بەرواری تەواوبوونی پاسپۆرتی هاووڵاتییان لە ساڵی ٢٠٢٠دا بێت و بە پێچەوانەوەی مافی پێدانی ڤیزای نابێت و دەبێت پاسپۆرتەکەی تازە بکاتەوە.