واشینتۆن
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ماریا ھارف، گوتی: "ھێزی پێشمەرگە كە لە عێراق شەڕی رێكخراوی تیرۆریستی داعش دەكات پێویستی بە چەكی قورس و پێشكەوتوو ھەیە و حكومەتی عێراقیش چەكەكانی خۆی دابەش كردووە و ئەمریكاش بۆ گەیاندنی چەك لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا لە ھاوكاری و ھەماھەنگیدایە."
ھارف لە وەڵامی پرسیارێك لە بارەی پڕچەك كردنی كورد لە لایەن ئەمریكاوە بۆ شەڕی دژی داعش گوتی: "داعش خاوەن چەكی قورسە و بۆ ئەوەی كورد بتوانێ شەڕی داعش بكات پێویستی بە چەكی قورس و پێشكەوتوو ھەیە و ئێمە ھەوڵ بۆ دابین كردنی ئەو چەكانە دەدەین."
ھارف جەختی لەوە كردەوە كە "لە نێوان سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگەدا ھاوكارییەكی زۆر باش ھەیە كە تا ئێستا نموونە نەبینراوە و لەوێ كارێكی راستەقینەی تیمی ھەیە و ئێمەیش ھاوكار دەبین و بۆ ئەوەی بتوانین وەڵامی داواكارییەكانی كورد بدەینەوە سەرقاڵی تاقی كردنەوەی رێگای جیاجیان."
ھارف بەو جۆرە درێژەی بە قسەكانیدا: "بۆ بەپەلە رادەست كردنی ئەو چەكانەی كە ھێزی پێشمەرگە داوای كردووە، لەگەڵ حكومەتی عێراقدا لە دانوستاندان، حكومەتی عێراق لە نێو ئەنبارەكانیدا چەكی دابەش كردووە و ئێمەش بۆ ئەو مەبەستە بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان دەستمان بەو كارە كردووە."
لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا بۆ پڕچەك كردنی ھێزی پێشمەرگە رەزامەندی بەغداتان وەرگرتووە؟ ھارف گوتی: "ھەر كارێك كە دەكەین بە ھەماھەنگی لەگەڵ حكومەتی بەغدا ئەنجامی دەدەین."
ژەنەڕاڵ ویلیام مایڤیل لە رێكخەری ئۆپەراسیۆنەكانی پێنتاگۆنیش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە كرد كە" چەند ھەواڵ ھەیە كە باس لەوە دەكەن حكومەتی ئەمریكا راستەوخۆ چەكی روانەی ھێزی پێشمەرگە كردووە، حكومەتی عێراقیش ھەوڵی بۆ گەیاندنی چەك بۆ ھێزی پێشمەرگە داوەی و پەنتاگۆنیش سەرقاڵی لێكۆڵینەوە لەو رێگایانەیە كە چۆن دەتوانرێ ھاوكاری زیاتر پێشكەشی ھێزی پێشمەرگە بكرێ."
مایڤیل گوتی: "پێویستییەكی زۆری ھێزی پێشمەرگە بە چەك و تەقەمەنی ھەیە و ئێمەیش دەمانەوێ لەو بوارەدا ھاوكارییان بكەین."میدیای ئەمریكا باسی لەوە كردووە كە حكومەتی ئەمریكا بۆ شەڕی دژی داعش راستەوخۆ چەكی بۆ ھێزی پێشمەرگە ناردووە.
ئاژانسی رەسمی ئەمریكا، ئاپ، ئاماژەی بەوە كردووە كە لە ئێستادا ھاوكارییەكان سنوردران و پێكھاتووە لە چەكی سووك و تەقەمەنی و لە رێگای كەناڵەكانی وەزارەتی بەرگرییەوە رادەستی ھێزی پێشمەرگە كراوە.