Islam Doğru
30 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 31 کانوونی دووەم 2021
نیویۆرک - AA
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا لە جۆ بایدن دەکات بەزووترین کات زیندانی گوانتانامۆ دابخات.
رێکخراوەکە لە راگەیاندراوێکدا لەسەر ئەو دەنگۆیانە هاتووەتە دەنگ کە باس لەوە دەکەن پێنتاگۆن، سێ زیندانی گوانتانامۆی رادەستی دادگای سەربازی کردووە کە تۆمەتبارن بە تەقینەوەکانی ساڵی ٢٠٠٢ و ٢٠٠٣ی ئیندۆنێزیا.
لە راگەیاندراوەکەدا جەخت لەوەش کراوەتەوە کە گوانتانامۆ هێمای پێشێلکردنی تەواوی ستانداردەکانی مافی مرۆڤ و دادپەروەری نێودەوڵەتییە، هەربۆیە پێویستە حکوومەتی جۆ بایدن بەزووترین کات ئەو زیندانە دابخات.
ئاماژە بەوەشدراوە کە نزیکەی ٢٠ ساڵە ٤٠ موسڵمان بەبێ دادگایی لەو زیندانەدا دەستبەسەرن.
جێی وەبیرهێنانەوەیە ئاژانسی ئەسیۆشەیتید پرێس، ٢١ی ئەم مانگە بە پشتبەستن بە لێدوانی چەند بەرپرسێکی ئەمریکا هەواڵی ئەوەی بڵاوکردووەتەوە کە قۆناغی دادگاییکردنی هاووڵاتییەکی ئیندۆزێزیایی و دوو هاوڵاتی مالیزی کە ماوەی ١٧ ساڵە لە گوانتانامۆ زیندانین، دەستیپێکردووە.
رادەستکردنی تۆمەتبارەکان بە دادگا راستەوخۆ دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی جۆ بایدن بووەتە جێی سەرنج.
پێشتر لە ساڵی ٢٠١٧ و لە قۆناغی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ، سکاڵانامەی دژ بەم تۆمەتبارانە رەتکرابووەوە.
ئەو سێ کەسە تۆمەتبارن بە تەقینەوەکانی ساڵی ٢٠٠٢ و ٢٠٠٣ی دوورگەی بالی و جاکارتا-ی پایتەختی ئیندۆنێزیا کە تیایدا ٢١٤ کەس کوژران.