Adham Kako,Ramal Abdullah Mahmood
31 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2018
غوتەی رۆژهەڵات/ دیمەشق – AA
لە ئاکامی هێرشەکانی رژێمی بەشار ئەسەد بۆ سەر غوتەی رۆژهەڵات سەر بە ریفی دیمەشقی گەمارۆدراو، ١٥ هاووڵاتیی سڤیل کوژران.
بە پێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، بەیانی ئەمڕۆ، هێزەکانی رژێم هێرشی ئاسمانی و وشکانیان بۆ سەر ژمارەیەک گوند، شارەدێ و شارۆچکەی غوتەی رۆژهەڵات ئەنجام داوە.
بە جۆرێک تەنها بەیانی ئەمڕۆ، ٥٣ هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر شارۆچکەی حەرەستا.
بە پێی ئەو زانیارییە بەراییانەی لە سەرچاوەکانی بەرگری شارستانییەوە گەیشتوون لە حەرەستا نۆ و لە گوندی ئوتایا سێ و لە هەریەک لە گوندەکانی کەفەر باتنا، میسرابا و نەشابیە یەک هاووڵاتیی سڤیل بوونەتە قوربانی ئەو هێرشانەی رژێم.
بریندارانیش لە لایەن یەکەکانی بەرگری شارستانیەوە گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکانی ناوچەکە.
لە ١٤ی تشرینی دووەمەوە رژێمی ئەسەد هێرشەکانی بۆ سەر غوتەی رۆژهەڵات چڕکردۆتەوە لەکاتێکدا یەکێکە لە ناوچەکانی لە پێکدادان پارێزراوەکان.