Lejla Biogradlija,İsmail Özdemir
11 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 12 تەمووز 2023
سرێبرێنیتسا – AA
رووفاتی ٣٠ قوربانیی دیکەی کۆمەڵکوژییەکەی سرێبرێنیتسا کە لە تەمووی ١٩٩٥ لە سرێبرێنیتسا رۆژهەڵاتی بۆسینا و هەرزەگۆڤینا کوژران و ناسنامەیان ئاشکرا کراوە بەخاک سپێردران.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، نوێژی مردوو لەسەر رووفاتی ئەو ٣٠ قوربانییە ئەنجام درا کە لە ئاکامی ئەو کۆمەڵکوژییە کە وەک گەورەترین تراجیدیای مرۆیی لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە لە ئەورووپا لەقەڵەم دەدرێت کوژران.
بەرلە ئەنجامدانی نوێژی مردوو چالاکییەک بۆ یادکردنەوەی ٢٨ەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژییەکە لە ناوەندی یادکردنەوەی سرێبرێنیتسا بەڕێوەچوو.
گهنجترین قوربانی لهنێو ئەوانەی ئەمڕۆ بە خاک سپێردران، ئەلڤیر سالجینۆڤیج-ی تهمهن ١٥ ساڵ و بهتهمهنترینیشیان نەزیر مونیڤۆڤیج-ی تهمهن ٦٥ ساڵ بوو.

- لە سرێبرێنیتسا چی رووی دابوو؟
هەرچەندە لە میانی جەنگی بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینادا، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان شاری سرێبرێنیتسای وەک "ناوچەی ئارام" راگەیاندبوو، بەڵام لە ١١ی تەمووزی ١٩٩٥دا، یەکەکانی سەربە فەرماندەی سربیایی، راتکۆ ملادیچ شارەکەیان داگیر کرد.

لە کاتی داگیرکارییەکەدا، ئەو هاووڵاتییە مەدەنییە بۆسنیانەی پەنایان بردبووە بەر سەربازانی هۆڵەندی سەربە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رادەستی سەربازە سربییەکان کران.
هەشت هەزار و ٣٧٢ هاووڵاتی مەدەنی بۆسنیایی بە پاس و بارهەڵگر برانە ناو دارستان، کارگە و عەمبارەکان و بێبەزەییانە کۆمەڵکوژ کران و تەرمی قوربانییەکانیش لە ناوچە جیاجیاکانی بۆسنیا بەشێوەی گۆڕی بەکۆمەڵ خرانە ژێر خاکەوە.

دوای جەنگیش گەڕان بەدوای تەرمی قوربانییەکانی کۆمەڵکوژییەکە دەستی پێ کرد و ئەو قوربانییانەی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دەدۆزرێنەوە و ساڵانە لە ١١ی تەمووزدا دەبرێتە گۆڕستانی مۆنۆمێنتی پۆتۆچاری و لەوێ بەخاک دەسپێردرێن.
تا ئێستاش شەش هەزار و ٧٥١ قوربانی لەو گۆڕستانەدا بەخاک سپێردراون.
