Ali Cura
08 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 09 کانوونی دووەم 2023
مۆسكۆ-AA
وەزارەتی بەرگریی رووسیا بڵاویكردهوه، زیاتر لە ٦٠٠ سەربازی ئۆکراینا لە هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر کراماتۆرسک کوژراون.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری رووسیا، ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ ئاشكرایكرد، لە یەکەم خولەکەکانی ساڵی نوێدا ئۆپەراسیۆنێکی تۆڵەسەندنەوە ئەنجامدراوە لە وەڵامی هێرشە مووشەکییەکەی سوپای ئۆکراینا بۆ سەر خاڵێكی كاتیی جێگیرکردنی سەربازانی رووسیا لە ماکیێڤکا لە دۆنێتسک.
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ وێڕای ئاماژەدان بەوەی لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، هەواڵگری رووسیا خاڵەکانی جێگیرکردنی کاتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینایان لە شاری کراماتۆرسک لە دۆنێتسک دەستنیشانکردووە ، ئاشكرایكرد زیاتر لە ٧٠٠ سەربازی ئۆکرانیا لە شوێنی مانهوهی ژمارە ٢٨ و زیاتر لە ٦٠٠ سەرباز لە شوێنی مانهوهی ژمارە ٤٧ بوون له شارهكه.
کۆناشێنکۆڤ بانگهشهی ئهوهی كرد "زیاتر لە ٦٠٠ سەربازی ئۆکراینی لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییە بەرفراوانەکان بۆ سەر ئەو خاڵانە له چالاكی خراون کە هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا بە شێوەیەکی کاتی تیایدا جێگیرکراون".
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری رووسیا باسی لهوهشكرد هێزی ئاسمانیی وڵاتهكهی لەماوهی یهك رۆژدا پێنج فڕۆکەی جهنگیی سوپای ئۆکراینای خستووهتە خوارەوە.