Dmitri Chirciu
06 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2022
مۆسكۆ – AA
وهزارهتی بهرگریی رووسیا رایگەیاند کە هێزەکانیان لە رێگای مووشەکی هەستیاری باڵا کە رەوانەی ئاسمان کراون، دوو سیستەمی مووشەکیی تۆپهاوێژی بەتوانا HIMARSیان لە ئۆکراینا تێکشکاندووە کە لە ئەمریکا بەرهەم هێندراون.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ لەبارەی چالاکییەکانی سوپای رووسیا لە جەنگی رووسیا - ئۆکراینا رایگەیاند کە هێرشەکانی هێزەکانی رووسیا بۆسەر ئامانجە سەربازییەکانی ئۆکراینا بەردەوامیان هەیە و نزیکەی ١٠٠ سەربازی لیوای میکانیزمی ٩٢ی سوپای ئۆکراینا کە لە شاری خارکیڤ بوون لەناو بردراون.
کۆناشینکۆڤ ئاماژەی بەوە دا کە هێزەکانیان لە رێگای مووشەکی هەستیاری باڵا کە رەوانەی ئاسمان کراون دوو سیستەمی مووشەکیی تۆپهاوێژی بەتوانا HIMARS کە لە ئەمریکا بەرهەم هێندراون لەگەڵ دوو کۆگای چەک و تەقەمەنی لە ناوچەی ماڵۆتارانیڤکا لە دۆنێتسک تێکشکاندووە و گوتی: "هەروەها وێستگەی راداری سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی S-300 و بنکەی کاتی مانەوەی جەنگاوەرە بەکرێگیراوە بیانییەکان لە ناوچەی مایکۆڵایڤ کراونەتە ئامانج".
ئیگۆر كۆناشینكۆڤ ئاماژەی بەوە دا کە هێزەکانیان لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، شەش بنکەی بەڕێوەبردن، شەش کۆگای چەک و تەقەمەنی، مووشەکهاوێژی فرەلوولەی جۆری Uragan و Gradیان لەناو بردووە، هەروەها فڕۆکەی جەنگیی جۆری Su-25، هێلیکۆپتەری جۆری Mi-8 و Mi-24 و ١١ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئۆکراینایشیان خستووەتە خوارەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە نۆ مووشەکی بالیستی جۆری Toçka-U و هەشت مووشەکهاوێژی فرەلوولەیان دەست بەسەردا گرتووە، گوتی: "تا ئێستا ٢٣٢ فڕۆكه، ١٣٧ هیلیكۆپتهر، ٣٥٣ سیستهمی مووشهكی بهرگریی ئاسمانیی، هەزار و ٤٦٢ فڕۆكهی بێ فڕۆكهوان، سێ ههزار و ٩١٥ زرێپۆش و تانك، ٧٢٠ مووشهكهاوێژی فرهلووله، سێ هەزار و ٩٦ گولـله تۆپ و گولـله هاوەن و چوار ههزار و ٤٣ ئۆتۆمبێلی سهربازیی ئۆكراینا تێكشکێندراون".