Zana Natık Kerem
01 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2018
تاران ــ AA
سەركۆماری ئێران، حەسەن روحانی دانی بە مافی گەلەكەی نا بۆ ناڕەزایی دەربڕین و رەخنەی بنیاتنەر بۆ سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات و رایگەیاند، گەلی ئێران مافی خۆیەتی ناڕەزایی دەرببڕێت، بەڵام بەو مەرجەی ناڕەزایەتییەكان نەبنە مایەی سەرهەڵدانی توندوتیژی و كاری تێكدەرانە، هەروەها نابێت رێگە بدرێت هاووڵاتییان هەست بە نیگەرانی و مەترسی لەسەر ئاسایشیان بكەن.
لە یەكەم گوتاریدا، دوای چەند رۆژێك لە سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتی كە بە هۆی خراپی بژێوی ژیان و خراپی رەوشی ئابووری، زۆربەی شارەكانی ئێرانی گرتووەتەوە، حەسەن روحانی گوتی: " گەلی ئێران مافی رەخنەگرتنی لە سەرجەم پرسەكانی وڵاتدا هەیە، بەڵام دەبێت رەخنەكان بە تەواوی لە توندوتیژی و تێكدانی سامانی گشتی بە دوور بێت".
حەسەن روحانی گوتیشی: "رێگە بە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی یاسایی دەدرێت، بەڵام نابێت لە هەمان كاتدا، نیگەرانی لای هاوسۆزانی شۆڕش و گەل دروست بكات".
سەركۆماری ئێران جەختی كردەوە كە حكوومەتەكەی بە هیچ شێوەیەك لە هەندێك دەستە و گرووپ خۆش نابێت كە نیازی تێكدانی سامانی گشتی و نانەوەی ئاژاوەیان لە كۆمەڵگەدا هەیە".
حەسەن روحانی ئاماژەی بەوەشدا كە چارەسەركردنی هەندێك لە پرسە هەڵپەسێردراوەكان، ئاسان نییە و كاتێكی زۆری پێویستە و گوتی: "پێویستە لەسەر حكوومەت و گەل لە پێناو چارەسەركردنی كێشەكان دەست لەناو دەستی یەكتر بنێنن".
سەرۆكۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشدا كە هەندێک لە كێشەكان بۆ چەند ساڵی رابردوو و هەندێكیان بۆ ئەم رۆژانی ئێستا دەگەڕێنەوە و گوتی: "گەل تەنها باس لە كێشەی ئابووری ناكات، بەڵكو باس لە گەندەڵی و شەفافیەتیش دەكات".
حەسەن روحانی رەخنەی گرت لە هاوسۆزبوونی سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر بە گەلی ئێران و روونی كردەوە، ناڕەزاییەتییەكان بوونەتە مایەی دڵخۆشی دوژمنانی شۆڕش و گوتی: "ئەو پیاوەی لە ویلایەتە یەكگرتووەكان كە دەیەوێت هاوسۆز بێت لەگەڵ گەلەکەماندا لە بیری چووە كە چەند مانگێك لەمەوبەر، گەلی ئێرانی بە تیرۆریست وەسف كردبوو، ئەم كەسە كە دڵی پڕە لە قینە و دژومنایەتی باس لە گەلی ئێران دەكات، مافی ئەوەی نییە لەگەڵ ئێراندا، هاوسۆز بێت".
پێشتر لە توێتێكدا، سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو كە پشتیوانی لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتییەكانی ئێران دەكات.
دۆناڵد ترەمپ نووسیبووی: "هەموو جیهان درك بەوە دەكات كە گەلی ئێران، گەلێكی باشە و گۆڕانگارییان دەوێت و چی دیكە نابێت سیستەمی سەركوتكردن بۆ هەتا هەتایە بەردەوام بێت".
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بە ھۆی خراپی بژێوی ژیان و رەوشی ئابووری، خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە شارەكانی مەشھەد و كاشمر باكووری رۆژھەڵاتی ئێران دەستی پێكردبوو و دواتر ناوچە جیاجیاكانی ئەو وڵاتەی گرتەوە.
لە میانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان تا ئێستا، ١٠ خۆپیشاندەر كوژراون و ٢٠٠ی دیكەش لە لایەن ھێزە ئەمنییەكانەوە، دەستگیركراون.