Sarmand Hameed
31 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە راوەستان شان بەشانی عێراق لە کاری پێکەوەییان بە ئاڕاستەی سەقامگیریی زیاتر بۆ گشت ناوچەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
جۆ بایدن لەسەر کارەکانی کۆنفرانسی بەغدا بۆ ھاریکاریی و ھاوبەشیی کە رۆژی ٢٨ی ئاب لە بەغدا پایتەختی عێراق بە بەشداریی سەرکردە و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی، ناوچەکە و نێودەوڵەتیی لە بەغدا پایتەختی عێراق بەڕێوەچوو، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە پەیجی کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە، سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاندووە "پیرۆزبایی لە حکوومەتی عێراق دەکەم بەبۆنەی میوانداریکردنی لووتکەیەکی سەرکەوتوو و رێچکەشکین. ئێستا کاری دیپلۆماتی لەم جۆرە لە ھەموو کات گرنگترە بە تایبەت کە لە ھەوڵی کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزیەکانین لە نێوان وڵاتانی دراوسێی عێراق و کار لەسەر فروانکردنی ھەماھەنگیەکان دەکەین لە سەرانسەری رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا و رابەرایەتی عێراقیش لەم روەوە مێژووییە".
جۆ بایدن سوپاسی سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆنی کردووە بۆ بەشدارییکردنی لە لووتکەکەدا و رایگەیاندووە "سوپاسی سەرۆک ماکرۆن دەکەم بۆ بەشداریی و پاڵپشتیکردنی لە لووتکەکەدا".
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی عێراق و تیایدا ھاتووە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە راوەستان شان بەشانی ھاوبەشمان عێراق لە کاری پێکەوەییمان بە ئاڕاستەی سەقامگیریی زیاتر بۆ گشت ناوچەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست".
جۆ بایدن راشیگەیاندووە "بەردەوام پابەندین بە بەھێزکردنی پەیوندیی دووقۆڵیمان بە پێی بەندەکانی چوارچێوەی رێکەوتنی ستراتیجی".
سەرۆکی ئەمریکا باسی لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کردووە کە لە ٢٦ی تەمووزی رابردوو لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە و ئاشکرای کردووە "کاتێک چاومکەوت بە سەرۆکوەزیران بەڕێز کازمی لە ئۆڤاڵ ئۆفیس (نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە نێو کۆشکی سپی)، پێکەوە گفتوگۆمان کرد دەربارەی رۆڵی گرنگی عێراق لە ناوچەکەدا و ھەوڵی گرنگی حکوومەتی عێراق و لەو نێوەندەشدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ باشترکردن و بەھێزکردنی پەیوەندییەکان لە نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێیدا".
جۆ بایدن جەختی لە پێویستی کاری دیپلۆماتی کردووەتەوە و رایگەیاندووە "پێویستە کاری دیپلۆماتی ئامڕازی یەکەم بێت لە سیاسەتی دەرەوەماندا و سوپاسگوزارین ھاوبەشانمان ھەمان دیدگایان ھەیە".
رۆژی شەممە ٢٨ی ئابی ٢٠٢١، لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاریی و ھاوبەشیی بە بەشداریی سەرکردە و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی، ناوچەکە و نێودەوڵەتیی لە بەغدا پایتەختی عێراق بەڕێوەچوو.
لە لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاریی و ھاوبەشیی، ھەریەک لە سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکوەزیرانی کوێت، سەباح خالید ئەحمەد سەباح و سەرکۆماری میسر،عەبدولفەتاح سیسی و میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی و شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم و ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبو غێت و وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، ئێران و سعوودیە و نوێنەرانی یەکێتیی ئەورووپا، ئەمریکا و بەریتانیا بەشدار بوون.
لە لووتکەدا تاوتوێی ھەموو ئەو دەرفەتانە کرا کە کەشێکی ئارام بۆ دووبارە پەیوەندیی ھەموو ئەو وڵاتانە دەڕەخسێنێت کە ناکۆکیان ھەیە و ئەوەش بۆ خزمەت کردن بە دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق.
بەرپرسانی عێراق بە بەردەوامی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە نزیکی و دۆستایەتی وڵاتانی دراوسێی عێراق لە یەکتر، کاریگەرییان لەسەر سەقامگیری وڵاتەکە ھەبووە و بە پێچەوانەشەوە ھۆشدارییان داوە لەوەی عێراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلایی کردنەوەی کێشە و ململانێکانی نێوان وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست. بەو پێیە عێراق دەیەوێت رۆڵی نێوەندگیر لە نێوان ھەموو ئەو وڵاتانە ببینێت کە ناکۆکیان ھەیە و ھەوڵی نزیک کردنەوەی روانگەکانیان بدات.
دوای تەواو بوونی لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاریی و ھاوبەشیی، راگەیەندراوێکی ھاوبەش بەناوی بەشداربوونی لووتکەکە بڵاوکرایەوە و تیایدا وڵاتانی بەشداربوو جەختیان لە پێویستی یەکخستنی ھەوڵەکان لەپێناو سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکە کردەوە.