بەرلین
لە میانەی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی كەناڵی یەكی ئەڵمانیادا ARD، راوێژكاری ئەو وڵاتە ئەنگێلا مێركڵ وەڵامی چەند پرسیارێكی سەبارەت بە چەند بابەتێكی هەنووكەیی دایەوە. مێركڵ ئەوەی وەبیرهێنایەوە كە لە نێوان دۆستاندا چاودێریكردنی یەكتری شتێكی پەسەند نەكراوە.
لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی ئەو بانگەشانەی باس لە چاودێریكردنی دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیا BND دەكەن بەسەر توركیای هاوپەیمانی ناتۆ، مێركڵ رایگەیاند: "سەرەتا چاوەڕێی ئەوەتان لێ دەكەم بە تێگەیشتنەوە ئەوە وەربگرن. بەهۆی سروشتی كارەكەوە لەبارەی وردەكاری چالاكییەكانی دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیاوە قسە ناكەم. دووەمیش دێڕێكم بەرامبەر چالاكییەكانی ئەمریكا بەكارهێنا كە گوتم لە نێوان دۆستاندا چاودێریكردنی یەكتر شتێكی قبوڵكراو نییە. ئەم دێڕە گرنگە. لە دەرەوەی ئەوەش دەتوانم ئەوە بڵێم، كە دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیا لە رووی ئاسایشی دەرەوە بۆ ئێمە ئەركی ئەوەیە كە هەموو زانیارییەكی ڕێگە پێدراو كۆبكاتەوە. لە ناوخۆی وڵاتیش دەزگای پاراستنی دەستوور ئەم ئەركە جێبەجێ دەكات. هەروەها لەگەڵ زیادبوونی هەڕەشەكاندا پێویستمان بە بەردەوامی چالاكی دەزگاكانی هەواڵگری هەیە. لەو باوەڕەدام هەموو كەس لەمە تێ بگات."
دوای ئەوەی ساڵی رابردوو ئاشكرا بوو كە دەزگای هەواڵگری ئەمریكا چاودێری تەلەفۆنەكەی راوێژكاری ئەلمانیای كردووە، ئەنگێلا مێركڵ لە تشرینی دووەمدا روونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و تێایدا رایگەیاندبوو: "لە نێوان دۆستاندا چاودێریكردنی یەكتری شتێكی قبوڵنەكراوە. هەروەها پێشنیاری كردبوو لەنێوان وڵاتانی دۆستدا رێككەوتنێك واژوو بكرێت بۆ كۆتاییهێنان بە چالاكییە هەواڵگریەكان بەرامبەر یەكتری."
گۆڤاری دێرشپیگل دەنگۆی ئەوەی بڵاو كردەوە، گوایە دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیا بە فەرمانی حكومەتی وڵاتەكەی لە ساڵی 2009وە تا ئیستا چاودێری پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی توركیای كردووە، ئەمەش حكومەتی ئەڵمانیای لەبەرامبەر رای گشتیدا خستووەتە دۆخێكی قورسەوە.
گۆڤارەكە ئاماژە بەوە دەكات كە حكومەتی ئەڵمانیا لە ساڵی 2009دا فەرمانی بە دەزگای هەواڵگری دەرەوەی وڵاتەكەی كردووە لەبارەی 80 وڵاتەوە زانیاری هەواڵگری كۆ بكاتەوە.
لە بەڵگەیەكی زۆر نهێنیدا دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیا 30 وڵات بە وڵاتانی دایك ناودەبات، كە چالاكییە هەواڵگرییەكانی تێایاندا چڕكردۆتەوە. لەنێوان ئەو 30 وڵاتەشدا توركیا و وڵاتانی ئەلبانیا بوونیان هەیە كە هاوپەیمانی ناتۆن.