Ramal Mahmood
10 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2016
دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا (سی ئای ئەیCIA) بانگەشەی ئەوەی کرد کە گەیشتوونەتە ئامانج لەبارەی ئەوەی کە رووسیا دەستوەردانی کردووە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا و یارمەتیدانی پاڵێوراوی پارتی کۆماری دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکەدا.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست کە پشتی بەستووە بە دەنگۆی بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا، سی ئای ئەی CIAگەیشتووەتە ئەنجام لەبارەی ئەوەی کە رووسیا دەستوەردانی کردووە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە لە هەشتی تشرینی یەکەمی رابردوو بەڕێوەچوو.
بەپێی هەواڵەکە ژمارەیەک لەو کەسانەی لە حکوومەتی رووسیاوە نزیکن لەرێگەی هێرشی سایبەرەوە دەستیان گرتووە بەسەر زانیارییەکانی پارتی دیموکرات و داویانەتە ویکیلیکس، یەکەکانی هەواڵگری ئەمریکاش دوای لێکۆڵینەوە ناسنامەی کەسەکانی بۆ ئاشکرا بووە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە لەو بارەیەوە لە ١٧ یەکەی هەواڵگری کاریان کردووە، دواتر لەلایەن سی ئای ئەیەوە پێشکەشی سیناتۆرانی کۆنگریسی ئەمریکا کراوە و بە "ئەنجامێکی هاوبەش" ئاماژەی پێکراوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی لەبارەی ئەوەوە نەداوە کە هیچ بەرپرسێکی کرملین لەسەر ئەو پرسە راستەوخۆ رێنمایی دابێت.
بەپێی هەواڵەکە بەپرسە باڵاکانی سی ئای ئەی لەو باوەڕە دان کە بەرپرسانی رووسی راستەوخۆ ئەو کارەیان ئەنجام نەداوە.
لەلایەکی دیکەوە، لە هەواڵی ژمارەیەک راگەیاندنی ئەمریکاشدا هاتووە، ژمارەیەک هاککەری کە گومان دەکرێت پەیوەندیان بە رووسیاوە هەبێت کۆمپیوتەرەکانی پارتی کۆماریشیان هاککردووە بەڵام هیچ زانیارییەکی ئەوانیان بڵاونەکردووەتەوە.
لەوبارەیەوە تیمی کاتی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتبوو: "ئەو کەسانە هەمان ئەوانەن کە کاتی خۆی دەیانگوت سەدام خاوەنی کلیلی چەکی وێرانکەرە. ماوەیەکی زۆر بەر لە هەڵبژاردنەکان بە سەرکەوتنێکی بەرچاوەوە ئەم بابەتە کۆتایی هات".
دامەزرێنەری ویکیلیکس جولیان ئاسانژ لە میانی بەشدارییکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا لەو بارەیەوە رایگەیاند کە حکوومەتی رووسیا سەرچاوەی ئەم هەواڵانەیان نییە.
پێشتریش سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما رێنمایی دابوو بۆ لێکۆڵینەوە لە دەنگۆکانی دەستوەردانی دەرەکی و هێرشەکانی سایبەر، داوایشی کردبوو لێکۆڵینەوەکان بەر لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ بگەنە ئەنجام. گوتەبێژی کۆشکی سپی، ئێریک شوڵتز لەبارەی رێنماییەکەی ئۆباماوە، گوتی: "ئەمە هەوڵێک نییە بۆ تانە لێدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ئێمە رامانگەیاند کێ براوەی هەڵبژاردنەکان بووە. لێپرسینەوە لە راستی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ناکەین".
یەکەمجار لە مانگی تەمووز لەلایەن پارتی دیموکراتییەوە دەنگۆی "پەیوەندی رووسیا بە هێرشی سایبەرەوە" هاتە بەرباس، بۆ ماوەیەکی زۆر بووە هۆی درووستبوونی گفتوگۆ و مشتومڕ.
لە ٧ـی تشیرینی دووەم بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری نیشتمانی و وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا بە فەرمی رووسیایان تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی هێرشی سایبەر بۆسەر دەزگاکانی پارتی دیموکراتی و کەمپینەکانی هەڵبژاردن، تیایدا هاتبوو: "دامەزراوە هەواڵگرییەکان ئەمریکا و ژمارەیەک داڕێژەرانی سیاسی ئەمریکا، دڵنیان لەوەی حکوومەتی رووسیا رۆڵی گێڕاوە بۆ دەستگەیشتن بە زانیارییەکانی نامە ئەلیکترۆنییە کەسی و دامودەزگاکانی ئەمریکا".