Dilara Karataş, Zana Natık Kerem
08 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2026
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد تڕەمپ ڕایگەیاند کە لەوباوەڕەدایە، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وڵاتەکەی و ئێران کۆتایی ھاتبێت و ئاماژەی بەوەشدا کە ناوێت لەگەڵ ئێران بگاتە ڕێککەوتن.
دۆناڵد تڕەمپ لە میانی دیداری لەگەڵ سکرتێری گشتیی ناتۆ، مارک ڕوتە بەرلە دەستپێکردنی ٣٦ھەمین لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە بۆ ڕۆژنامەوانان قسەی کرد و باسی لە یاداشتنامە لێکتێگەیشتنەکەی نێوان واشنتۆن و تاران کرد و ئاماژەی بەوەدا کە لەوباوەڕەدایە، لێکتێگەیشتنە کۆتایی ھات.
ھەروەھا سەرۆکی ئەمریکا، بەرپرسانی ئێرانی بە "بوونەوەرێکی نەگریس و کەسانی نەخۆش" وەسف کرد و ڕایگەیاند کە نایەوێت مامەڵە لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا بکات و گوتی: "بەرپرسان کەسانی نەخۆش، دڵڕەق و توندڕەون، ئەگەر چەکی ئەتۆمییان ھەبووایە، ئەوە بەکاریاندەھێنا، ئەوەندەی بەلای منەوەیە، کارەکە کۆتایی ھاتووە".
دۆناڵد تڕەمپ ئاماژەی بەوەشدا کە لەگەڵ شاندی دانوستانکاری ئەمریکا قسە دەکات، بۆ ئەوەی دانوستان لەگەڵ ئێران ڕابگرن و گوتی: "بەبۆچوونی من، مامەڵەکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئێران تەنھا بەفیڕۆدانی کاتە و ئەوان کەسانی درۆزنن".
سەرۆکی ئەمریکا بانگەشەی ئەوەشی کرد کە ئێران دەیەوێت لەناوی ببات و ناوی لە ھەموو لیستەکانی ئێراندا ھەیە.
دۆناڵد تڕەمپ نائومێدی خۆی لە ناتۆ دەربڕی سەبارەت بە کێشەی گرینلاند و ئێران، گوتی: "ناتۆ پەرۆشی ئەوە نییە کە یارمەتی ئەمریکا بدات".
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد تڕەمپ گوتیشی: "ئێمە پێویستمان بە یارمەتی نەبوو، تەنھا ویستم ناتۆ تاقی بکەمەوە بۆ ئەوەی بزانم پاڵپشتیمان لێ دەکات یان نا".
ھەروەھا دۆناڵد تڕەمپ ڕەخنەی لە ئیسپانیا گرت و ڕایگەیاند ئیسپانیا لەناو ناتۆ ھاوبەشێکی خراپی ئەمریکایە و، ئاماژەی بەوەشدا کە پەیوەندی بازرگانیان لەگەڵ ئیسپانیا دەپچڕێنن.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەشکرد کە وڵاتەکەی پاڵپشتی تەواوی لە ناتۆ کردووە، تەنانەت کاتێک ژمارەیەک وڵات ھیچ ھاوکارییەکیان پێشکەش بە ناتۆ نەکردووە.
دۆناڵد تڕەمپ ڕاشیگەیاند کە بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا یارمەتی ئەمریکایان نەداوە لە شەڕی دژبە ئێران و جەختیشی لەوەکردەوە کە سەرەڕای تووڕەیی زۆری لە ناتۆ، بەڵام لە ڕووی داراییەوە یارمەتی زۆری پێشکەش بە ھاوپەیمانان لە ناتۆ کردووە و گوتی: "ئێمە دەیانپارێزین، بەڵام ئەوان پاڵپشتیمان ناکەن".
هەروەها ستایشی سکرتێری گشتیی ناتۆ، مارک ڕوتەی کرد و گوتی: "ئەوان (وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ)، بەختەوەرن کە سکرتێرێکی گشتیی وەک مارک ڕوتەیان ھەیە".
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد تڕەمپ سەبارەت بە دۆسیەی دوورگەی گرینلاند، ڕایگەیاند: "کاتێک ئێمە ئەوانمان دەویست، ئەوان زۆر ئامادە نەبوون، گوتمان بێنە پاڵ ئێمە، ئەوانیش گوتیان: نەخێر، ئەوان لەگەڵمان نەبوون کاتێک ئێمە لایەنگرییان بووین، لەم دواییانەدا، ئێمە زیاتر لە یەک تریلیۆن دۆلارمان خەرجکردووە بۆ پاراستنی ئەم وڵاتانە لە ڕووسیا".
دۆناڵد تڕەمپ سەبارەت بەو وڵاتانەی کە ڕۆڵی نێوەندگیریان لە دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاراندا گیراوە، ڕایگەیاند، ئەو وڵاتانەی ڕۆڵی نێوەندگیر دەگێرێن، ئەوان ژیرانە ھەڵسوکەوت دەکەن و گوتی: "من سەرۆک ئەردۆغانم خۆشدەوێت".
ھەروەھا سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە لێدوانەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتانیاھو بەرامبەر بە تورکیا کرد و گوتی: "دوێنێ بنیامین نەتانیاھو قسەی خراپی بەرامبەر بە تورکیا کرد، من قسەم لەگەڵ ئەردۆغان کرد، ئەو ئیسرائیلی زۆر خۆشناوێت و کەیفی بە بنیامین نەتانیاھوش نایەت".
دۆناڵد تڕەمپ لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە تورکیا خاوەن سوپایەکی زۆر بەھێزە و ڕایگەیاند کە تورکیا نیازی ھەیە فڕۆکەی جەنگی "F-35"، بکڕێت.