Mazın Asad
20 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 22 کانوونی دووەم 2017
واشنتۆن
دۆناڵد ترەمپ کە لە ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا سەرکەوتووبوو، لە رێوڕەسمەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا لە بەردەم داواکاری گشتی دادگای باڵا جۆن رۆبێرتس سوێندی خوارد و بووە ٤٥ەمین سەرۆکی ئەمریکا.
ترەمپ لە گوتارێکی لە رێوڕەسمەکەدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ تەنھا دەسەڵات لە پارتێکەوە بۆ پارتێکی دیکە ناگوازرێتەوە، لە ھەمان کاتدا دەسەڵات لە واشنتۆنەوە دووبارە بە گەل دەدەینەوە".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا کە سەرلەنوێ دەسەڵات بۆ گەل گەڕاوەتەوە و چەندین بەڵێنی خۆشگوزەرانی لەبارەی ئابوورییەوە بە گەلی ئەمریکا دا.
ترەمپ گوتی: "ئەمڕۆ کاری پێشینەمان تەنھا گەلی ئەمریکا دەبێت. کاتی جموجۆڵکردن ھاتووە. ئەو سوێندەی ئەمڕۆ خواردم، سوێندی بەسترانەوەیە بە گشت ئەمریکییەکان".
سەرۆکی نوێی ئەمریکا گوتیشی: "پێکەوە چارەنووسی ئەمریکا و جیھان دیاری دەکەین. رووبەڕووی زەحمەتی دەبینەوە، بەڵام ئەو کارەی دەستمان پێکردووە، تەواوی دەکەین".
ھاوکات بەھۆی نیشاندانی ھەڵوێستی لە رێوڕەسمی رادەستکردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ترەمپ ستایشی ئۆباما و ھاوسەرەکەی کرد و دەستەواژەی "ئەوان نایاب بوون" بەکارھێنا.
ترەمپ لە بەشێکی گوتەکانیدا گوتیشی: "ماوەیەکی دوورودرێژە گرووپێکی بچووک لە پایتەخت، لە گشت دەرفەکانی ئیدارەی وڵات سوودمەند بوون، کەچی گەل لەمە سوودمەند نەبوون. واشنتۆن گەشەی سەندووە، بەڵام گەل لە دەوڵەندێتی سوودمەند نەبووە. ئاستی گوزەرانی سیاسەتمەداران بەرز بووەتەوە، بەڵام ھەڵی کار دابەزیوە و کارگەکان داخراوە".
سەرۆکی نوێی ئەمریکا راشیگەیاند: "گرنگ نییە چ پارتێک کۆنترۆڵی ئیدارەی وڵات بکات، بەڵکو گرنگ ئەوەیە ئیدارەی وڵات لە ژێر کۆنترۆڵی گەل بێت".
ترەمپ گوتیشی: "تاوان، چەتەکان و ماددە ھۆشبەرەکان ژیانمانی برد و وڵاتمانیان تاڵان کرد. ئەمڕۆ خوێنڕێژی لە ئەمریکا کۆتایی پێدێت".
-بەڵێنە ئابوورییەکانی ترەمپ
ترەمپ لەبارەی بەڵێنە ئابوورییەکانی گوتی: "بۆ ماوەی دەیان ساڵ پیشەسازییەکانی وڵاتانی بیانیمان لەسەر زیانی پیشەسازی ئەمریکا دەوڵەمەند کرد. ئێمە رێگەمان بە بێ ھێزبوونی سوپای ئەمریکا دا و پشتیوانیمان لە سوپای وڵاتانی دیکە کرد. لە کاتێکدا کە رەتمانکردووەتەوە پارێزگاری لە سنووری خۆمان بکەین کەچی پارێزگاریمان لە سنووری وڵاتانی دیکە کرد. لە کاتێکدا کە ژێر خانی وڵاتەکەمان تێکچووە، تریلیۆنان دۆلارمان لە وڵاتانی دیكە خەرج کردووە. لە کاتێکدا کە دەوڵەمەندی و ھێز و متمانەی وڵاتەکەمان دابەشکراوە، وڵاتانی دیکەمان دەوڵەمەند کرد".
ترەمپ راشیگەیاند کە کارگەکان یەک لە دوای یەک داخراون و چینی ناوەندیش ئاسوودەیی ناماوە و گوتیشی: "ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە بۆ دامەزراندنی ئیرادەیەک کە لە گشت شارەکانی جیھان و پایتەختەکانی وڵاتان ببیسترێت. لەمڕۆ بە دواوەوە بۆچوونێکی دیکە خاکەکەمان بەڕێوە دەبات. لەمڕۆ بەدواوە ئەمریکا لە پێشینەی ھەموو شتێک دێت".
ترەمپ جەختیشی لەوە کردەوە کە لە گشت بوارەکانی وەک سیاسەت، کۆچبەران، سیاسەتی دەرەوە و بازرگانی و باج ئەمریکییەکان دەبنە خاوەن بڕیار.
ترەمپ جەختیشی لەوە کردەوە کە رێوشوێنی پێویست لە بەرامبەر ئەو وڵاتانە دەگرنەبەر کە بەروبومی ئەمریکا بەرھەم دەھێنن و گوتیشی: "لە ھەر ھەناسەیەکم بۆ ئێوە بەرەنگار دەبنەوە. بە ھیچ شێوەیەک ئێوە بێ ھیوا ناکەم. ئەمریکا دووبارە دەست بە قازانجکردن دەکات. دەوڵەمەندییەکانمان دەھێنینەوە. ھیواکانمان دەگەڕێنینەوە".
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ ئاشکراشی کرد کە فڕۆکەخانە و پرد و رێگا و تونێلی نوێ دروست دەکەن و گوتیشی: "وا دەکەین کە خەڵکەکانمان لە ھاوکاری دەوڵەت رزگاریان ببێت و خۆیان کار بکەن. وڵاتەکەمان بە رەنج و دەستی ئەمریکییەکان دووبارە بنیات دەنێینەوە".
-"بەرھەمی ئەمریکی بکڕە و کار بە کارمەندی ئەمریکی بکە"
ترەمپ ھەروەکو چەند جارێک لە کەمپینەکانی ھەڵبژاردن دووبارەی کردبووەوە ئەمجارەش دروشمی "بەرھەمی ئەمریکی بکڕە و کار بە کارمەندی ئەمریکی بکە" دووبارە کردەوە و زياتر گوتیشی: "نیازی پاکی وڵاتان و دۆستایەتی ئەوان بەھەند وەردەگرین، بەڵام لە ئەنجامدانی ئەمەش رێز لە مافی بەرژەوەندی ئەو وڵاتانەش دەگرین".
ترەمپ جەختیشی لەوە کردەوە کە لە جیھانی نوێدا لە دژی "تیرۆریزمی ئیسلامی توندڕەو" یەکدەگرن و لەسەر رووی زەمین لەناوی دەبەن.
ترەمپ لە کۆتايی وتەکانیدا رایگەیاند کە "پابەندبوون بە ئەمریکا" دەبێتە بنەمای سیاسەتەکانی. گوتیشی: "پێویستە بە ئاشکرای باسی بۆچوونەکانمان بکەین. پێویستە بە راستییەوە تاوتوێی ناکۆکییەکانمان بکەین. بەڵام پێویستە ھەمیشە لایەنگری یەکریزی بین".
لە دوای وتارەکەی لە کۆنگرێش ترەمپ بەشداری لە ئێوارە خوانێک کرد.
ھاوکات وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو و راوێژکاری سەرۆکایەتی وەزیران ئیحسان دوردو بەشداریان لە رێوڕەسمی سوێند خواردنەکە کرد.