Zana Natık Kerem
11 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 11 نیسان 2022
ھەولێر ــ AA
ئەمڕۆ دووشەممە وەزیری بەرگریی دانمارک، مۆرتن پۆدسکۆڤ بەسەردانێک گەیشتە بەغدا و لە میانیدا لەگەڵ وەزیری بەرگریی عێراق، جومعە عناد سەعدون کۆبوویەوە.
وەزارەتی بەرگریی عێراق بڵاوی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، چۆنێتی پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و دانمارک لە بوارەکانی سەربازی و تەکنیکیدا تاوتوێ کراوە.
باسی لەوەش کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری بەرگریی دانمارک، مۆرتن پۆدسکۆڤ بەردەوام دەبن لە ھاریکارییەکانیان لەشەڕی دژبە تیرۆر کە مەترسیی بۆسەر ئاسایشی عێراق و جیھان دروستکردووە و گوتی: "لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، پابەندین بە پاڵپشتیکردنی ھێزە عێراقییەکان".
ئەمڕۆ دووشەممە وەزیری بەرگریی دانمارک، مۆرتن پۆدسکۆڤ بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا.
دانمارک لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، ١٣٠ سەربازی لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای عێراق جێگیر کردووە.
لە نۆی مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا، حکوومەتی عێراق رایگەیاندبوو، رۆڵی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق کە شەڕکردن بوو، کۆتایی ھاتووە و گۆڕاوە بۆ راوێژکاریی.