سنگاپور
دوای ململانێیەكی درێژخایەن لەگەڵ نەخۆشی، لی كوان یو دامەزرێنەری سنگاپور و یەكەم سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە لە تەمەنی 91 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی سنگاپور، لە روون كردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە كە داوی ئەوەی بە هۆی هەوكردنی سییەكانیەوە لە پێنجی شوباتی رابردوو لی کوان یو رەوانەی نەخۆشخانە كرابوو، بەیانی ئەمڕۆ كۆچی دوایی كرد.
لی یەكێك بووە لەو كەسانەی كە توانیوێتی سنگاپور بكاتە وڵاتێكی خاوەن بازرگانی نێودەوڵەتی و ناوەندێكی ئابووری جیهانی و یەكێك لە وڵاتە هەرە دەوڵەمەندەكانی جیهان. یو بۆ ماوەی ٣١ ساڵ هەر لە ساڵی 1959 تا 1990 سەرۆكوەزیرانی وڵاتەكەی بووە.
لی كوان یو باوكی لی هسین لۆنگ سەرۆكوەزیرانی ئێستای سنگاپور لە ساڵی ١٩٥٩دا پارتی بزووتنەوەی گەلی دامەزراند و لەو كاتەوە تا ئێستا پارتەكەی لەدەسەڵاتدایە.
لی كوان یو، لە ٩ی ئابی ١٩٦٥دا سنگاپوری لە ژێری سیستەمی فیدراڵی مالیزیا و ساراواك دەرهێنا و سەربەخۆیی وڵاتەكەی راگەیاند.
لی زۆر گرنگی دەدا بە سیستەمی پەروەردە و فێربوونی زمانی ئینگلیزی و پێگەیاندنی تواناكانی هێزی كار لە وڵاتەكەیدا.
لەسەردەمی لی كوان یو دا ئازادی رادەربڕین بەرتەسك كرایەوە و لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن كرانە ئامانجی دادگاكانی ئەو وڵاتە و رێگە بۆ ئەشكەنجەدان كرایەوە، لە بڕیارێكی سەیرو سەمەرەشیدا، بنێشت جوینی لە سنگاپور قەدەغە كرد.