Hemin Hüseyin
28 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 29 ئەیلوول 2016
هەولێر-AA
لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی پارێزگای نەینەوا، تیرۆریستانی داعش کەوتوونەتە پاشەکشە و لەماوەی رابردووشدا چەند ناوچەیەک لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراق کۆنتڕۆڵ کرانەوە و گرنگترینیان گەیارە و شەڕگات بوون کە دوو ناوچەی هەرە ستراتیجین بۆ تیرۆریستانی داعش و هەروەها بۆ هێزەکانی سوپای عێراق چونکە هەڵکەوتەی جوگرافی ئەو دوو ناوچەیە وایکردووە پشتێنەیەک بێت بۆ شاری مووسڵ کە ئێستا ئەو شارە بووەتە بنکەیەکی سەرەکی تیرۆریستانی داعش و بڕیاریشە لەناوەڕاستی مانگی داهاتوودا دەست بە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو شارە بکرێت.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنانە، تیرۆریستانی داعش ترس و دڵەڕاوکێیان لێ نیشتووە و کەوتوونەتە دەرکردنی کۆمەڵێک بڕیاری قورس بەسەر هاووڵاتییاندا و هەر کەسیش پابەندی بڕیارەکەی داعش نەبێت ئەوا رووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەعید مەموزینی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تازەترین زانیاری ناو شاری مووسڵ ئەوەیە کە تیرۆریستانی داعش بڕیارێکیان دەرکردووە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، بڕیارەکەش ئەوەیە کە هیچ کەس بۆی نییە جموجۆڵ بکات و قەدەغەی هاتوچۆ رادەگەیەنن، هەر کەس هاتوچۆ بکات، گیانی دەکەوێتە مەترسییەوە و داعش بە خەڵکەکەی راگەیاندووە کە ئازووقە و خۆراک هەڵگرن و ئەمباری بکەن چونکە شەڕێکی درێژخایەن روودەدات".
ئەو بەرپرسەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای دەکات کە تیرۆریستانی داعش ژمارەیەکی زۆر تونێڵیان لێداوە لەناو شاری مووسڵ و ژمارەیەکی زۆریش ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراویان ئامادەکردووە و لەمبارەیەوە مەموزینی گوتی: "لەناو مووسڵ تیرۆریستانی داعش تونێڵی زۆریان لێداوە و ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراویان ئامادەکردووە، هەروەها داعش هەڕەشەی لە کەسوکار و خزمی ئەو پزیشکانە کردووە کە لە دەرەوەی مووسڵ دەژین و داوای کردووە ئەگەر تاوەکو دووی مانگی داهاتوو نەگەڕێنەوە شاری مووسڵ ئەوا گیانی کەسوکارەکانیان دەکەوێتە مەترسییەوە".
مەموزینی گوتیشی: "داعش کۆمەڵێک بڕیاری توندی لەسەر خەڵکی ناو مووسڵ داناوە و داوایان کردووە کە خەڵک ناچار بێت چەکیان بۆ هەڵبگرێت، بەڵام خەڵکی سڤیلی مووسڵ ئەو داوایەیان رەتکردووەتەوە و بەو هۆیەوەشەوە دوێنێ داعش 28 کەسی بە تۆمەتی رەتکردنەوەی ئەو داوایە گولـلـەباران کردووە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە لە گەڕەکەکانی ناو مووسڵ چەکدارانی داعش لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە دەکوژرێن و پێی وایە داعش دەسەڵاتی بەسەر هەندێک گەڕەکی ناو شاری مووسڵدا نەماوە و لەمبارەیەوە گوتی: "هەندێک گەڕەکی ناو شاری مووسڵ لە ژێر کۆنترۆڵی داعش دەرچووە بە جۆرێک کە چەکدارانی داعش دەچنە ئەو گەڕەکانە و دەکوژرێن، تاوەکو ئێستاش روون نییە کێن ئەوانەی چەکدارانی داعش دەکوژن و تا ئێستا هیچ کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی چەکدارانی داعش سزا نەدراوە".
دوێنێ گوتەبێژی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش، جۆن دوریان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند کە بەپێی مەزەندەی ئەوان ژمارەی چەکدارانی داعش لەناو شاری مووسڵ لە ئێستادا 3 بۆ 5 هەزار چەکدار دەبێت و هاوکات ئەو بەرپرسەی راگەیاندنی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای دەکات کە بەپێی زانیارییەکان، سەرکردەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ئەبوبەکر بەغدادی لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا پلانێکی تازەی بۆ چەکدارانی ئەو گرووپە داڕشتووە و لەو بارەیەوە مەموزینی گوتی: "سەرکردەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ئەبوبەکر بەغدادی لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا پلانێکی تازەی داڕشتووە کە ئەویش ئەوەیە ئەگەر چەکدارانی ئەو رێکخراوە نەیانتوانی بەرگری بکەن ئەوا دوای خۆیان زۆرترین کوشتارگە و وێرانکاری بەجێبهێڵن و باڵەخانەکان دەرووخێنن و هەموو شوێنەکان بۆمبڕێژ بکەن".
سەبارەت بە پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی ناو شاری مووسڵ لە کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەشدا، سەعید مەموزینی گوتی: "هاووڵاتییانی ناو مووسڵ ژمارەیەکی زۆریان دەچنە دەرەوەی مووسڵ و چەند کامپێکیان بۆ ئامادەکراوە و بەڵام هەموو لایەنەکان زۆر لەسەر ئەوە کۆکن کە گیانی هاووڵاتییان پارێزراو بێت".