تەلئەبیب
بەمەبەستی رێگریکردن لە دەستگیرکردنیان و پێدانی مافی پەنابەری لەئیسرائیل ژمارەیەک لەو پەنابەرە ئەفریقیانەی لە رێگای قاچاخەوە ھاتونەتە ئەو وڵاتە، لە شاری تەلئەبیب خۆپیشاندانیان ساز کرد.
لەبەردەم پارکی لێڤینکسای ھەزاران پەنابەری ئەفریقی کۆبوونەوە، بە بەرزکردنەوەی لافیتە و تابلۆی "ئێمە مرۆڤین"، "دەمانەوێ ئازاد بین"، "تاوانبار نین پەنابەرین" بەرەو شارەوانی تەلئەبیب رۆشتن و چوونە گۆڕەپانی رابین.
لە گۆرەپانەکەدا دروشمی "چیتان دەوێ؟ ئازادی" دەوترایەوە، دواتر گروپێک ویستیان بەسەر دەرگاو دیواری باڵەخانەی شارەوانیدا سەربکەون، لەلایەن پۆلیسی ئیسرائیلیەوە رێگریان لێکرا و مشتومڕێککەوتە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران، بەڵام پاشان رەوشەکە ئاسایی بوویەوە.
بەمەبەستی ناڕەزایی دەربڕین لەبەرامبەر یاسای قەدەغەکردنی پەنابەرانی نایاسایی بۆ وڵات کە ھەفتەی رابردوو لەلایەن پەرلەمانی ئیسرائیلەوە دەرکرابوو، پەنابەرانی نایاسایی ئەفریقی خۆپیشاندانیان کرد و داوای مافی پەنابەریان لە حکومەتی ئەو وڵاتە کرد.
مەزەندە دەکرێ نزیکەی ٦٠ ھەزار پەنابەری ئەفریقی کە بەرێگەی نایاسایی ھاتونەتە ئەو وڵاتە لە ئیسرائیل ھەبێ، زۆیینەی ئەو پەنابەرانەش لە وڵاتانی "ئەریتریا، باشوری سودان و ئەسیوبیا وە ھاتوون، چاوەڕوانی بەدەستهێنانی رەگەزنامەی ئەو وڵاتە دەکەن.
ماوەیەک بەرلەئێستا پەرلەمانی ئیسرائیل یاسایەکی دەکرد و بەو پێیە دەبێ پەنابەرانی نایاسایی دەستگیر بکرێن.