Heman Hussein Yaseen
16 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2026
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەرکۆنەی ھێرشە دڕۆنییەکەی ئەمڕۆ بۆ سەر مەککەی پیرۆز دەکات.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە، ئەم ھێرشانە ھەڕەشەیەکی زۆر مەترسیدارە بۆ ئاسایشی سعوودیە و سەلامەتی ھاووڵاتیان و سەردانیکارانی ماڵی خوا لە سعوودیە.
لە بەشێکی ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو کە، سەرکۆنەی ھەر ھێرشێک دەکەین کە دەکرێتە سەر خاکی سعوودیە و ژیانی ھاووڵاتییان دەخاتە مەترسییەوە.
فەرمانگەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە بەئامانجگرتنی مەککەی پیرۆز، بەھۆی ئەو پێگە ئایینی و رۆحییەی لای موسڵمانان لە سەرتاسەری جیھان ھەیەتی، پێشھاتێکی زۆر مەترسیدارە. ئەو ھەوڵانە ھەڕەشە لە پیرۆزیی شوێنەکان و سەلامەتیی میوانانی ماڵی خودا دەکەن و پێویستییان بە سەرکۆنەیەکی ڕوون و یەکلاکەرەوە ھەیە.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ سعوودیە لە پاراستنی ئاسایش، سەروەری، سەلامەتیی ھاووڵاتییان، دانیشتووان و میوانانی دەردەبڕێت. ھاوکات پشتیوانیی خۆی بۆ ھەموو ئەو ھەوڵانە دووپاتدەکاتەوە کە ئامانجیان چەسپاندنی ئاسایش، ئاشتی و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.
لە کۆتاییدا فەرمانگەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت ناکۆکییەکان ببنە بیانوو بۆ بەئامانجگرتنی ھاووڵاتییان، دامەزراوە مەدەنییەکان یان شوێنە پیرۆزەکان. ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان، پیرۆزیی شوێنە ئایینییەکان و پاراستنی ھاووڵاتییان دەبێت وەک بنەمایەکی نەگۆڕ بمێنێتەوە و ڕێگری لە ھەر جۆرە دەستدرێژییەک بکرێت.