Eren Beksaç
16 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2026
سەرکۆماری پێشووی کۆسۆڤۆ، هاشم تاچی کە لە شاری لاهای هۆڵەندا دەستبەسەر بوو و دادگایی دەکرا، بە تاوانی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ سزای ٢٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
دانیشتنی دادگا بۆ بڕیاردان لە دۆسیەی دادگایی کردنی فەرماندەكانی پێشووی سوپای ڕزگاری کۆسۆڤۆ کە لە لاهای دادگایی دەکران بەڕێوەچوو، لەنێویشیاندا سەرکۆماری پێشووی کۆسۆڤۆ تاچی و یاقوب کراسنیچی، قەدری ڤهسهلی و ڕەجەب سەلیمی.
تاچی و فەرماندەکانی دیکەی سوپای ڕزگاری کۆسۆڤۆ بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەوانە بێبەشکردنی خهڵكی لە ئازادی، ئازاردان، ئەشکەنجەدان و کوشتنی بە ئەنقەست به تاوانبار ناسێنران.
بەهۆی ئەو تاوانانەوە سزای ٢٥ ساڵ زیندانیکردن بەسەر تاچی و کراسنیچی، ١٨ ساڵ زیندانی بەسەر ڤهسهلی و ١٣ ساڵیش بەسەر سەلیمی-دا سەپێندرا.
هەزاران کەس کە له گۆڕەپانەکانی پریشتینا-ی پایتەختی کۆسۆڤۆ و شارەکانی دیکە كۆببوونهوه، لە ڕێگای شاشە گەورەکانەوە چاودێری دانیشتنی بڕیاری دادگاییکردنی فەرماندەکانی سوپای ڕزگاری کۆسۆڤۆ تاچی، کراسنیچی، ڤهسهلی و سەلیمی-یان کرد. بە ئاشکراکردنی بڕیاری دادگا خەمبارییەکی زۆر ئامادەبووانی گرتهوه.
داواکاری گشتیی داوای سزای ٤٥ ساڵ زیندانیکردنی بۆ هەر یەک لە فەرماندەکانی سوپای ڕزگاری کۆسۆڤۆ کردبوو کە لە لاهای دەستبەسەر بوون و دادگایی دەکران.
لەلایەکی دیکەوە، پرۆسەی دووهەم دۆسیەی تاچی لە لاهای سهبارهت بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە شایەتحاڵەکان بەردەوامە.