Mohammed Sameai
11 کانوونی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2024
سەنعا ــ AA
ئەندامی باڵای ئەنجوومەنی سیاسیی حووسییەکان، محەمەد عەلی حووسی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە تیایدا داوای وەستاندنی ھێرشی حووسییەکان لە دەریای سوور دەکات، بە گەمەیەکی سیاسی ناوبرد و ڕایگەیاند: "ئەوە ئەمریکایە کە یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکات".
محەمەد عەلی حووسی لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەڵامی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوەتەوە کە تیایدا داوا لە حووسییەکان دەکات، ھێرشەکانیان بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای بوەستێنن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ھاتووە: "بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی ئاسایشی دەریای سوورەوە، گەمەیەکی سیاسییە و ئەوە ئەمریکایە کە یاسای نێودوڵەتی پێشێل دەکات".
ڕاشیگەیاندووە: "داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەین، دەستبەجێ زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە کەرتی غەززە لە گەمارۆکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا کە بووەتە چەکێکی کوشندە ئازاد بکات، هەروەها ئێستا غەززە بووەتە گەورەترین زیندان کە سزای بەکۆمەڵی تیایدا جێبەجێ دەکرێت".
ئاماژەی بەوەشداوە: "ئەوەی ھێزە چەکدارەکانی یەمەن (حووسییەکان) لە دەریای سوور ئەنجامدەدەن، لەچوارچێوەی بەرگریکردنی یاسایی دایە".
ئەندامی باڵای ئەنجوومنی سیاسیی حووسییەکان، محەمەد عەلی حووسی لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ھۆشداری ئەوەی داوە، ھەر ھێرشێک بکرێتە سەر حووسییەکان، ئەوە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا دەھێنێت و داوایشی کردووە کە ئیسرائیل واز لە دەستدرێژییەکانی بھێنێت کە بووەنەتە مایەی خراپبوونی دۆخی غەززە و تێکدانی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە.
دوێنێ چوارشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان پشت بەستن بە بڕیارێک کە لەلایەن ئەمریکا و ژاپۆنەوە پێشکەش کرابوو، داوای لە حووسییەکان کرد کە ھێرشەکانیان بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور بوەستێنن.