Zana Natık Kerem
20 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 21 حوزەیران 2021
ریاز ــ AA
سیستمی بەرگریی ئاسمانیی سەربە ھاوپەیمانیی عەرەبی لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١٧ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لەلایەن حووسییەکانەوە ئاراستەی ژمارەیەک ناوچەی سعوودیە کرابوون، تێکشکاندووە.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاویکردەوە کە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی سەربە ھاوپەیمانیی عەرەبی، شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لەلایەن حووسییەکانەوە ئاراستەی سعوودیە کراون، تێکشکاندووە.
ئاماژەی بەوەیشداوە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی سەربە ھاوپەیمانیی عەرەبی لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١٧ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لەلایەن حووسییەکانەوە ئاراستەی ژمارەیەک ناوچەی سعوودیە کرابوون، تێکشکاندووە.
پێشتر کەناڵی ئەخبارییە و ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاویانکردبوویەوە کە دوێنێ شەممە، سیستمی بەرگریی ھاوپەیمانیی عەرەبی، فڕۆکەیەکی بێفڕکەوان کە لەلایەن حووسییەکانەوە ئاراستەی ناوچەی خەمیس مشێت باشووری سعوودیە کرابوو، تێکشکاندووە.
ھەروەھا پێشتر ھاوپەیمانیی عەرەبی رایگەیاندبوو، ١٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لەلایەن حووسییەکانەوە ئاراستەی ژمارەیەک ناوچەی باشووری سعوودیە کرابوون، تێکشکاندووە.
تا ئێستا ھیچ روونکردنەوەیەک لەوبارەیەوە لەلایەن حووسییەکانەوە بڵاونەکراوەتەوە.
دوێنێ شەممە، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان، یەحیا سەریع لە تویتێکدا رایگەیاندبوو کە چەکدارەکانیان، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی شا خالید لە ناوچەی خەمیس مشێت باشووری سعوودیە کردووە و ئامانجەکەی پێکاوە.
حووسییەکان بەردەوام مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاراستەی ناوچەکانی باشووری سعوودیە دەکەن و لە بەرامبەردا، ھاوپەیمانیی عەرەبی بەڕابەرایەتی سعوودیە پووچەڵکردنەوەی ھێرشی حووسییەکان رادەگەیەنێت.
ماوەی حەوت ساڵە شەڕ لەنێوان ھێزەکانی حکوومەتی یەمەن کە لەلایەن ھاوپەیمانیی عەرەبییەوە پاڵپشتی دەکرێن و حووسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن روودەدات.
حووسییەکان لە ئایلوولی ٢٠١٤وە ژمارەیەک پارێزگای یەمەن-یان کۆنترۆڵکردووە لەنێویاندا سەنعای پایتەخت.