Gülşen Topçu
28 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2021
ریاز - AA
هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بەڕابەرایەتی سعوودیە کە پشتیوانی لە حکوومەتی یەمەن دەکەن، تێکشکاندنی دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوی دیکەی حووسییەکانیان راگەیاند.
هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی لە راگەیەندراوێکدا کە لە ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیەدا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، حووسییەکان کە ئێران پشتیوانیان دەکات، دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراویان ئاراستەی ناوچەی خەمیس مشێت کردووە لە باشووری خۆرئاوای سعوودیە.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها باس لەوە کراوە کە هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی سعوودیە، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە بۆمبڕێژکراوەکانیان لە چالاکی خستووە.
دوێنێ هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی رایگەیاندبوو کە دوو مووشەکی بالیستی و فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوی حووسییەکانیان تێکشکاندووە.
لە لایەکی دیکەوە، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان، یەحیا سەریع لە تویتێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە بە پێنج مووشەکی بالیستی و پێنج فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر خاڵە سەربازییەکان لە ناوچەکانی نەجران، ئەبها و خەمیس مشێت باشووری خۆرئاوای سعوودیە.
لە یەمەن کە ماوەیەکی زۆرە ناسەقامگیری سیاسیی دەگوزەرێت، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی حکوومەت و حووسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن بەردەوامە.
حووسییەکان لە ساڵی ٢٠١٤وە تا ئێستا دەستیان بەسەر سەنعا-ی پایتەخت و چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتەدا گرتووە و هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بەڕابەرایەتی سعوودیە لە ئاداری ٢٠١٥وە بۆ پشتیوانیکردن لە حکوومەتی یەمەن، ئۆپەراسیۆنی دژبە حووسییەکان دەست پێ کردووە.
حووسییەکان ناو بە ناو بە مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، ناوچەکانی باشووری سعوودیە دەکەنە ئامانج.