Zeynep Duyar
08 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2023
ئەنقەرە - AA
تورکیا و ئۆکراینا بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی پڕۆژە هاوبەشەکان لە بوارەکانی سیستەمی ئۆتۆنۆم، توێژینەوە و پەرەپێدانی بزوێنەر، چالاکییەکانی بەرهەمهێنان و چاککردنەوە و ئەنجامدانی هاوکاریی هاوبەش لە بواری پیشەسازییە ستراتیجییەکاندا رێککەوتن.
بە ئامادەبوونی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ئۆکراینا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، رێورەسمی واژووکردنی پرۆتۆکۆڵەکە کە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی "ئەنجامدانی هاوکاری لە بواری پیشەسازییە ستراتیجییەکان" لە نێوان هەردوو وڵات لەخۆدەگرێت، لە کۆشکی وەحدەددین بەڕێوەچوو.
پرۆتۆکۆڵەکە لەلایەن وەزیری پیشەسازیی و تەکنەلۆجیای تورکیا، مەهمەت فاتیح کاجر و وەزیری پیشەسازییە ستراتیجییەکانی ئۆکراینا، ئۆلێکساندر کامیشین واژوو کرا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە وەزارەتی پیشەسازی و تەکنەلۆجیاوە دەست پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، ئامانج لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە پاڵپشتیکردنی پڕۆژە هاوبەشەکانە لە بوارەکانی سیستەمی ئۆتۆنۆم، توێژینەوە و پەرەپێدانی بزوێنەر، چالاکییەکانی بەرهەمهێنان و چاککردنەوە و ئەنجامدانی هاوکاریی هاوبەشە لە بواری پیشەسازییە ستراتیجییەکاندا.