Bahattin Gönültaş, Başar Bayatlı
07 مای,س 2026•نوێکردنەوە: 07 مای,س 2026
تورکیا بە سەرۆکایەتی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوە "ITF" لە ساڵی ٢٠٢٧ تا ساڵی ٢٠٢٨ ھەڵبژێردرا.
ھەڵبژاردنی تورکیا بە سەرۆکایەتی لە میانی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوە ھات کە لە شاری لایپزیگ لە ئەڵمانیا بەڕێودەچێت.
کۆڕبەندەکە بە گەورەترین گردبوونەوەی جیھانی بۆ وەزیرانی گواستنەوە ھەژمار دەکرێت و چالاکییەکانی کۆڕبەندەکە تایبەتن بە سیاسەتەکانی گواستنەوە و گەیاندن.
وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو لە میانی کۆڕبەندەکە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ھەڵبژاردنی تورکیا بە سەرۆکایەتی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوە، ھەروەھا دیدی تورکیای لە بواری گواستنەوەدا خستەڕوو.

عەبدولقادر ئورالئۆغڵو ئاماژەی بەوەشدا کە تورکیا لە ساڵی ١٩٥٣ دا یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی کۆڕبەندەکە و لە ساڵی ٢٠٠٩ دا سەرکەوتوانە سەرۆکایەتی کۆڕبەندەکەی کردووە و گوتی: "تورکیا تەنھا وڵاتێکی ترانزیت نییە کە دەکەوێتە چوارڕیانی ئەورووپا، ئاسیا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو ناوەندێکی ستراتیژییە کە ناوچە و بازاڕ و خەڵک بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بۆیە لەبەر پێگەی گرنگی وڵاتەکەمان، بەرپرسیارێتی دابینکردنی تۆڕی گواستنەوەی نەرم و بەردەوام لە نێوان کیشوەرەکاندا دەخاتە ئەستۆمان".
وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا ڕاشیگەیاند کە وڵاتەکەی وەبەرھێنانێکی گەورەی لە بواری گواستنەوەدا ئەنجامداوە لەوانە دروستکردنی ڕێگای خێرا، ھێڵی شەمەندەفەری خێرا، بەندەرەکان و سەنتەرەکانی لۆجستیکی، جەختی لەوەش کردەوە کە پرۆژەکانی "رێڕەوی ناوەڕاست" و "ڕێگای گەشەپێدان" گرنگی ستراتیژییان بۆ بازرگانی جیھانی ھەیە.
ھەروەھا عەبدولقادر ئورالئۆغڵو دووپاتیشی کردەوە کە تورکیا لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی کۆڕبەندەکەدا، بنەماکانی نەرمونیانی و بەردەوامی لە ناوەرۆکی سیاسەتەکانیدا پتەوتر دەکات.