Zehra Ulucak,Muhammet Ali Kemal
06 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 06 تشرینی دووەم 2017
تۆکیۆ- AA
لە وێستگەی یەکەمی گەشتەکەیدا بۆ ئاسیا، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، شینزۆ ئابێدا کۆبوویەوە.
بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی کیۆدۆ، دۆناڵد ترەمپ و شینزۆ ئابێ کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵییان لە کۆشکی ئاکاساکا ئەنجامداوە و تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بازرگانی نێوانیان و کێشەی کۆریای باکووریان کردووە.
ترەمپ و ئابێ لەسەر خوانێکی کار کۆبوونەوە و بەرلە دیدارە دووقۆڵییەکەیان، ترەمپ جەختی لەوەکردەوە کە سوورن لەسەر ئەوەی درێژە بە هاریکاریی نێوان هەردوو وڵات بدرێت و رایگەیاند ''بە تایبەت لە رێگەی کەمکردنەوەی کورتهێنان لە بازرگانی نێوانماندا و پەرەدان بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانمان، بەرەوپێشچوونێکی نایابمان تۆمارکردووە''.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیشدا کە لەدوای کۆبوونەوەکە سازیان کرد، ترمپ کۆریای باکووری بە ''هەڕەشە بۆ سەر جیهانی شارستانی'' ناوبرد.
باسی لەوەشکرد ئەوان ناچار نابن هەڕەشەکانی حکوومەتی پیۆنگ یانگ بۆ سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی قبووڵ بکەن و گوتی: ''هەندێک کەس دەڵێن کە گوتەکانم زۆر توندن بەڵام تەماشا کەن بە هۆی گوتارە نەرمەکانی ماوەی ٢٥ ساڵی رابردووەوە چی روویداوە''.
لای خۆیشییەوە شینزۆ ئابێ باسی لەوەکرد کە ''کۆبوونەوەیەکی چڕ و پڕیان'' ئەنجامداوە و هیوادارن کۆبوونەوەکان بەردەوامییان هەبێت.
ئابێ سەبارەت بە هێرشە چەکدارییەکەی دوێنێی ویلایەتی تێکساس باشووری ئەمریکا کە بە هۆیەوە ٢٦ کەس کوژران و لانیکەم ٢٠ کەسی دیکە برینداربوون، سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان کرد و رایگەیاند ''دەمەوێت لەم دۆخە ناڕەحەتەی بەسەریاندا هاتووە، پشتیوانیی دڵسۆزانەی خۆمان بۆ گەلانی ئەمریکا رابگەیەنم''.