Abdullah Shukur
13 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2018
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئازادکردنی پیاوی ئایینی بەڕەگەز ئەمریکی، ئاندریو کرایگ برونسۆن سوپاسی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکات و رایگەیاند "بۆ ھاوکارییەکانیان، دەمەوێت سوپاسی سەرکۆمار، ئەردۆغان بکەم".
ترەمپ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند کە ئەمڕۆ لە دوای نیوەڕۆ (بە کاتی ئەمریکا) لە نووسینگەی ئۆڤال لەگەڵ برۆنسۆن کۆدەبێتەوە.
ترەمپ راشیگەیاندووە: "بینینی ئەو دووبارە شتێکی نایابە. ئەو ئەزموونێکی سەختی بەڕێکرد. کریستیانێکی زۆر باشە. بۆ ھاوکارییەکانیان، دەمەوێ سوپاسی سەرکۆمار، ئەردۆغان بکەم".
دۆناڵد ترەمپ لە توتێکی دیکەدا رایگەیاند کە لەبارەی ئازادکردنی برونسۆن و گەڕانەوەی بۆ ئەمریکا ھیچ رێککەوتنێکیان لەگەڵ تورکیادا نەکردووە.
ترەمپ نووسیوویەتی: "من رێککەوتن لەسەر بارمتەکان ناکەم. بڕیاری پەیوەندیدار بە برونسۆن رێگا بۆ بەستنی پەیوەندی باش لە نێوان ئەمریکا و تورکیا دەکاتەوە".
پیاوی ئایینی بەڕەگەز ئەمریکی، ئاندریو کرایگ برونسۆن کە بە تۆمەتی ئەنجامدانی سیخوڕیکردن و ئەنجامدانی تاوان لە پێناو ھەردوو رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی (فەتۆ) و پەکەکە لە تورکیا دادگایی دەکرا، لەلایەن دادگای تورکیاوە سزای زیندانی سێ ساڵ و یەک مانگ و ١٥ رۆژی بەسەردا سەپێنرا، دواتر بەهۆی ئەوەی ماوەی دەستبەسەرکردنەکەی نزیک بوو لەماوەی سزاکەی دادگا بڕیاری ئازادکردنی دا.
ھاوکات بڕیاری زیندانیکردنی لە ماڵ و قەدەغەکردنی چوونەدەرەوەی وڵات لەسەر برونسۆن هەڵگیرا و ئێوارەی دوێنێ هەینی لە دوای ئازادکردنی تورکیای بەرەو ئەڵمانیا بەجێهێشت و لەوێشەوە بەرەو ئەمریکا بەڕێ کەوت.