ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥ی کانوونی یەکەم، تەرمی سەرۆکی پێشووی باشووری ئەفریقا نیڵسۆن ماندێلا، بۆ ئەوەی بە خاک بسپردرێ، برایە ئەو گوندەی تێیدا لە دایک بووە.
دانیشتوانی گوند لەگەڵ سەدان ھەزار کەسی دیکە بە بەرز کردنەوەی دەست و ئاڵای باشووری ئەفریقا، پێشوازییان لە تەرمی ماندێلا کرد.
ھەر چەند زۆربەی رێگاکانی ھاتووچۆ لە لایەن ھێزە ئاسایشپارێزەکانەوە داخرابوون، بەڵام بۆ ھەوادارانی ماندێلا کراوەبوو.
تەرمی ماندێلا بە رێوەڕەسمێکی گەورەی دەوڵەتی، لە گۆڕستانی گوندەکەیان لە پاڵ گۆڕی ماڵباتەکەی بەخاک دەسپێردرێ.
بەرپرسانی باشووری ئەفریقا رایانگەیاند: سەرەڕای ئەندامانی خانەوادە و کاربەدەستانی ئەفریقای باشوور، چەندین میوانی دیکە لە تەواوی دنیاوە بەشداریی لە رێوەڕەسمی بە خاکسپاردنی تەرمی ماندێلا دەکەن.
بە پێی بڕیاری دەوڵەتم تەنیا ئەندامانی ماڵبات و چەند کەسێکی دیکەی ھەڵبژێردراو، بۆیان ھەیە تا نێو گۆڕستان لەگەڵ تەرمەکەدا برۆن.