Abdullah Shukur
12 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2017
رامەڵڵا - AA
لە دوای بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بە ناساندنی شاری قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس، شەش رۆژە خۆپیشاندان لە کەناری رۆژئاوا بەردەوامە و لە ئاکامی رووبەڕووبوونەوەی ھێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل و خۆپیشاندەران، ٣٦ ھاووڵاتی فەڵەستینی برینداربوون.
بەپێی ئەو راگەیەنراوەی لەلایەن رێکخراوی مانگی سووری فەڵەستینی بڵاوکراوەتەوە، لە ئاکامی رووبەڕووبوونەوەی ھێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل دژ بە خۆپیشاندەران و بەکارھێنانی غازی فرمێسکرێژ و گولـلەی پلاستیکی و راستەقینە لە شاری رامەڵڵا لە کەناری رۆژئاوا،٣٦ خۆپیشاندەری فەڵەستینی برینداربوون.
ھاوکات لە شاری بەیت لەحم کەناری رۆژئاواش خۆپیشاندانەکان بەردەوامن و ھێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل رووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەوە، لە بەرامبەردا خۆپیشاندەرانی فەڵەستینی بە بەرد و سووتاندنی تایەی ئۆتۆمبێڵ کاردانەوەی خۆیان نیشان دەدەن.
لەلایەکی دیکەش، بە بیانووی ھەوڵی ھێرشکردن بە چەقۆ، منداڵێکی فەڵەستینی لە شاری سەلفیتی باکووری کەناری رۆژئاوا لە لایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە تەقەی لێکرا و بریندارکرا.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند کە ئەو منداڵە بۆ نەخۆشخانەیەکی ئیسرائیلی گواستراوەتەوە.