Ramal Mahmood
17 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2016
قودس - AA
پەرلەمانتاری عەرەب، تالیب ئەبو عەرار کە ناڕەزایی دەربڕی بوو دژی پلانی قەدەغەکردنی بانگدان لە رێگای بڵندگۆکانەوە بە پاساوی "بووەتە هۆی ژاوەژاو و هەراسانکردن"، لە پەرلەمانی ئیسرائیل "کنیست" لەسەر سەکۆ بانگی دا.
پەرلەمانتاری لیستی عەرەبی هاوبەش لە پەرلەمانی ئیسرائیل، تالیب ئەبو عەرار، پێشتر ناڕەزایی دەربڕی بوو دژی پلانی قەدەغەکردنی بانگدان و لەسەر سەکۆ لە پەرلەمان بانگی دابوو، هاوشێوەی پەرلەمانتاری عەرەب ئەحمەد ئەتیبی بە بانگدانی نوێژی شێوان لەسەر سەکۆ کاردانەوەی خۆی نیشان دا.
لەمبارەیەوە میدیاکانی فەڵەستین گرتەی ڤیدیۆییان بڵاوکردووەتەوە، کە لەکاتێکدا ئەبو عەرار بانگ دەدات پەرلەمانتارە جوولەکەکان بە توندی کاردانەوەی خۆیان نیشان دەدەن. بەڵام ئەبو عەرار بێگویدانە کاردانەوەکان دوای ئەوەی بانگی نوێژی شێوانی دا سەکۆی بەجێ هێشت.
کۆمسیۆنی یاسادانان لە پەرلەمانی ئیسرائیل رۆژی یەکشەممەی رابردوو پرۆژە یاسایەکی پەسەند کرد کە رێگە بە قەدەغەکردنی بانگ بە بڵندگۆکانەوە دەدات و دواتر پرۆژە یاساکە رەوانەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کرابوو. بەڵام بەهۆی دژایەتیکردنی پارتی هاتۆرا (تەوراتی یەکگرتوو) کە پارتێکی دیندارە بۆ پڕۆژە یاساکە دەنگدان لەسەر لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمان دواخراوە. ئەم پڕۆژەیە یاسایە چاوەڕێی سێ دانیشتنی جیاواز دەکات بۆ دەنگدان لەسەری.
ئەم پڕۆژە یاسایە بووە هۆی ناڕەزایی دەربڕینی توند لەلایەن خەڵکی فەڵەستین و جیهانی ئیسلامی، پێشتر چەند جارێک ئەم بابەتە هابووە بەرباس بەڵام جێبەجێ نەکرابوو.