Mehmet Tosun
13 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2023
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر وەڵامی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدنی دایەوە کە لە تویتێکدا سەبارەت بە لووتکەی ناتۆ سوپاسی کردبوو.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پۆستەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە وەک هەمیشە تورکیا بە دڵسۆزی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و هەڵوێستێکی بنیاتنەرەوە، بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن لە فراوانکردنی ناتۆ و بەهێزکردنی پەیمانەکە و رایگەیاندووە: "پێموایە گرتنەبەری رێگەچارەی بەهێز لەلایەن هاوپەیمانییەکەمانەوە بەرامبەر هەموو ئاستەنگە ئەمنییەکان بەتایبەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هاوپەیمانان، رۆڵی سەرەکی دەبێت لە بەرقەرارکردنی ئاشتی ناوچەیی و جیهانیی. تا ئەو کاتەی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا و دەستپێشخەرییە ناوچەیی و جیهانییەکان کە لەسەر بنەمای قازانج بۆ هەموو لایەک داڕێژراون لەبەرچاو بگیرێت، هەڵوێستی بنیاتنەری خۆمان دەپارێزین. سوپاس بۆ پشتگیریکردنتان لە هاوپەیمانییەتییەکە".
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر ڤیدیۆی دیدارەکەی لەگەڵ سەرکۆمار ئەردۆغان بڵاوکردبووەوە و رایگەیاندبوو: "تورکیا دوێنێ گەیشتە رێککەوتنێکی مێژوویی لەبارەی ئەندامێتیی سوید لە ناتۆ. ئەردۆغان، سوپاس بۆ بوێری، سەرکردایەتی و دییلۆماسییەتت".