Abdullah Shukur
25 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 26 شوبات 2017
جنێڤ
گوتەبێژی شاندنی ئۆپۆزسیۆن لە خولی چوارەمی کۆبوونەوەکانی جنێڤ پەیوەندیدار بە سووریا بە ناوی سەلیم ئەلموسلەت رایگەیاند کە ئەوان ھەرگیز نابنە ھۆکاری سەرنەکەوتنی کۆبوونەوەکان و سەرەڕای گشت قوربانییەکیش بەردەوام دەبن لە دانوستان بە مەبەستی دەستەبەرکردنی چارەسەریی.
موسلەت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ھەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی گشتی کۆبوونەوەکانی جنێڤ بە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان رژێم و ئۆپۆزسیۆنی سووریا کرد.
موسلەت گوتی: "بە ھەمان شێوە ھێرشەکانی رژێمی ئەسەد لە کاتی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانی پێشووی جنێڤیش بەردەوام بوو. تاکو ئێستا ھیچ شتێکی جددیمان لە رژێم نەدیوە. رژێم تەنھا باوەڕی بە چارەسەری سەربازیی و کوشتن و سوتاندن ھەیە".
موسلەت باسی لە کۆبوونەوەی دوێنێی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا ستیفان دی میستورا کرد و گوتی: "ئێمە بە پشتبەستن بە بەیاننامەی یەکەمی جنێڤ ھاتووین بۆ ئێرە کە تێدا داوای ئەنجامدانی قۆناغی گوستنەوە لە سووریا دەکرێ. ئەمەش بە مانای نەبوونی ئەسەد لە قۆناغی گواستنەوەی سیاسی دێت".
"لە ئێستادا باسکردنی دەستوور و ھەڵبژاردن بێ مانایە"
سەلیم ئەلموسلەت جەختی لەوە کردەوە کە تاوتوێکردنی قۆناغی سیاسی گرنگترین بابەتە لە کۆبوونەوەکان. گوتیشی: "پێش ئەمە باسکردنی دەستوور و ھەڵبژاردن بێ مانایە".
موسلەت ئاشکراشی کرد کە شاندنی ئۆپۆزسیۆن رەشنووسێکی دەستووریی ئامادەکردووە. لەمبارەیەوە زیاتر گوتیشی: "ئێمە پێشتر باسی ئەوەمان کردبوو کە رەشنووسی دەستوورێکی کاتیمان نووسیوەتەوە، بەڵام دەستووری ھەمیشەی تەنھا لەلایەن گەلەوە ئامادە دەکرێت".
موسلەت باسی لەوەش کرد کە ئەوان لەگەڵ رووسیا کۆنەبوونەتەوە. گوتیشی: "گشت ئەو کەسانەی دەیانەوێت بەشار ئەسەد بڕوات ئەوا دەتوانن بێتە ریزی ئێمە ئەوەی کە دەیەوێت بمێنێتەوە ئەوا بچێتە لای جەعفەری".
گوتەبێژی شاندنی ئۆپۆزسیۆن لە خولی چوارەمی کۆبوونەوەکانی جنێڤ سەلیم ئەلموسلەت جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان ھەرگیز نابنە ھۆکاری سەرنەکەوتنی کۆبوونەوەکان و سەرەڕای گشت قوربانییەکیش بەردەوام دەبن لە دانوستان بە مەبەستی دەستەبەرکردنی چارەسەریی.