Abdullah Shukur
25 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 25 شوبات 2017
ئیستانبوڵ
سەرکۆماری ئێران حەسەن روحانی رایگەیاند کە ئەگەر ناکۆکی ئاینی و جەمسەرگیری لە نێو کۆمەڵگە سەرھەڵبدات ئەوا زیادکردنی ھێزی ئەمنی ھیچ کاریگەرێکی لە دەستەبەرکردنی ئارامی و ئاسایش نابێت.
بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسی ئیرنای فەرمی ئێران، روحانی بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی شاری تاران کرد و تێدا وتارێکی خوێندەوە.
روحانی رایگەیاند کە دەبێ گرووپە سیاسییەکانی وڵات یەکگرتوو ببن و خۆیان بەدوور بگرن لە ھەستی نەفرەتکردن. گوتیشی: " ئەگەر ھێزی ئەمنیمان ١٠ ھێندە و چەکەکانمان ١٠٠ ھێندە زیادیش بکەین ئەگەر ناکۆکی ئاینی و نەتەوەیی لە کۆمەڵگە ھەبێت ئەوا شتێک نامێنێت بە ناوی ئارامی".
روحانی ھۆشداری دا بەوەی کە نابێت سامانی گشتی لە ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردنی داھاتووی سەرۆکایەتی کۆمار بەکاربھێنرێت. گوتیشی: "ھەر ھێزێکی سەربازیی ئەمە بکات ئەوا لە دژی دەوەستینەوە".