Goletekin Akhondzadeh,Mustafa Melih Ahıshalı
25 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 08 ئادار 2019
ئیستانبوڵ - AA
لە شاری ئەهەر سەربە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات باکووری رۆژئاوای ئێران، ٧٣ کەس بە هۆی خواردنەوەی ئەلکهولی ساختەوە ژەهراوی بوون.
ئاژانسی هەواڵیی ئیرنا لە زاری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی باقر علوم لە شاری ئەهەر، دکتۆر حوجەت پورفەتحی بڵاویکردەوە کە ٧٣ کەس بە هۆی خواردنەوەی ئەلکهولی ساختەوە ژەهراوی بوون و دۆخی سییان ناجێگیرە.
لە ئێران کە خواردنەوە ئەلکهولییەکان قەدەغەیە لە هەندێک ماڵ و شوێنی نهێنیدا خواردنەوەی ئەلکهول بەرهەم دەهێنرێت. بەپێی یاساکانی ئێران بەرهەمێنەری ئەلهکول، کڕیار یان فرۆشیارەکەی لە شەش مانگەوە بۆ سالێک حوکمی زیندانی دەدرێت و ٧٤ قامچی لێ دەدرێت، ئەوانەشی دەیخۆنەوە بە لێدانی ٨٠ قامچی سزا دەدرێن.