Haydar Şahin
22 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 22 کانوونی دووەم 2023
تاران - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانی سووتاندنی قورئانی پیرۆزی لە سوید سەرکۆنە کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانی ئەوەی خستووەتەڕوو کە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەورووپا بەناوی پشتیوانیکردن لە ئازادی رادەربڕین، رێگە بەوە دەدەن کە کەسانی توندڕەو سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی ئیسلام بکەن، جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئەو وڵاتانە ئیسلامۆفۆبیایان لەناو کۆمەڵگەکانیاندا بەدامەزراوەیی کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشداوە کە ئەم جۆرە کارانە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئازادی رادەربڕینەوە نییە و رایگەیاندووە: "دووبارەکردنەوەی بێڕێزی بەرامبەر کتێبی پیرۆزی ۱،٥ ملیار موسڵمان، نموونەیەکی ئاشکرای بڵاو کردنەوەی کینە دژبە موسڵمانان و هاندانی توندوتیژییە".
ناسر کەنعانی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە جیهانی ئیسلامیی چاوەڕێی ئەوە لە حکوومەتی سوید دەکات کە"رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە رەفتارە دژبەئیسلامانە بکات و سزای ئەو کەسانەش بدات کە سووکایەتییان بە پیرۆزییە ئایینییەکانی موسڵمانان کردووە".
دوێنێ سەرۆکی پارتی رێڕەوی راست-ی راستڕەوی توندئاژۆ، راسموس پالودان لەبەردەم بینای باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم، قورئانی پیرۆزی سووتاند، ئەم کارەش لە رێوشوێنێکی ئەمنی تونددا ئەنجامدرا و هێزەکانی پۆلیس رێگەیان نەدا هیچ کەسێک لە راسموس پالودان نزیکببێتەوە.