Muhammet Kurşun
16 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2019
تاران - AA
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، عه‌باس موسه‌وی رایگەیاند كه ئاماده‌ی ئاڵوگۆڕی نوێی بهندكراوانن و له‌و باره‌یه‌وه تۆپ له گۆڕه‌پانی ئه‌مریكادایه.
عه‌باس موسه‌وی له میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بابه‌ته‌كانی رۆژه‌ڤ كرد.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه سێ هه‌زار كه‌س له هاووڵاتییانی ئێران به‌تۆمه‌تی جۆراوجۆر له وڵاتانی جیاواز ده‌ستبه‌سه‌رن، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا هاووڵاتییانی ژماره‌یه‌كی زۆر له وڵاتان له ئێران ده‌ستبه‌سه‌رن، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌ش ئاماده‌ی ئاڵوگۆڕی نوێن له‌باره‌ی ئه‌و به‌ندیانه و گوتی:
"وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاندووە كه ئاماده‌ی ئاڵوگۆڕی نوێی بهندكراوانن و له‌و باره‌یه‌وه تۆپ له گۆڕه‌پانی ئه‌مریكادایه. ئه‌گه‌ر وڵاتانی وه‌ك سویسرا له‌و باره‌یه‌وه هه‌نگاو بنێن ده‌توانین دووباره به‌ندی ئاڵوگۆڕ بكه‌ین".
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران هه‌روه‌ها داوای له هاووڵاتییانی ئێران كرد به‌هۆی ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان تۆمه‌تباره به پێشێلكردنی سزاكان ئه‌گه‌ر ڤیزهیشیان هه‌بوو تا زۆر پێویست نه‌بوو سه‌ردانی ئه‌مریكا نه‌كه‌ن.
- "هیوادارین سعوودیه ئه‌و ده‌ستی دۆستایه‌تیه‌ی له لایه‌ن ئێرانه‌وه درێژكراوه بگوشێت"
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، عەباس موسەوی سه‌باره‌ت به‌و بانگه‌شانه‌ی باس له‌وه ده‌كه‌ن كه له ئێرانه‌وه شاندێك به ئامانجی دانوستان چوونه‌ته سعوودیه، ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه زانیاری له‌و باره‌یه‌وه نییه.
عەباس موسه‌وی باسی له‌وه كرد كه جگه له‌و به‌رپرسانه‌ی بۆ گفتوگۆ له‌باره‌ی حه‌ج و عومره له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا هیچ گفتوگۆیه‌كی دیكه نه‌بووه، به‌ڵام چه‌ند هه‌وڵێكیان داوه بۆ نه‌هێشتنی گرژی له‌گه‌ڵ هه‌ندێ وڵات و ده‌ستپێكردنی دانوستان و گوتی:
"هیوادارین سعوودیه ئه‌و ده‌ستی دۆستایه‌تیه‌ی له لایه‌ن ئێرانه‌وه درێژكراوه بگوشێت. ده‌بێت ئه‌وه بزانرێت كه ناتوانین به بانگهێشتكردنی بیانییه‌كان و عه‌مباركردنی چه‌ك ئاسایش ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین. ره‌وشه‌كه به‌وه ناگۆڕێت، به‌ڵكو خراپتر ده‌بێت".
- ده‌بێت وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا هه‌نگاوگه‌لێكی جدددی بگرنه‌به‌ر له‌باره‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، عەباس موسه‌وی باسی له‌وه كرد كه هێشتا له قۆناغی هه‌ڵسه‌نگاندندان له‌باره‌ی ئه‌و هه‌نگاوه نوێیانه‌ی سه‌باره‌ت به كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌ڵێنه‌كانی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ده‌گیرێنه‌به‌ر، له‌كاتێكیشدا كات هه‌یه چاوه‌ڕوانیان له وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا ئه‌وه‌یه هه‌نگاوگه‌لی جددی له‌و باره‌یه‌وه بگرنه‌به‌ر.
عەباس موسەوی سه‌باره‌ت به كشانه‌وه‌ی رووسیا له دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمی فۆردۆ روونیكرده‌وه كه له‌باره‌ی هاریكاری له‌گه‌ڵ رووسیا هه‌نگاو بۆ دواوه نه‌نراوه و هۆكاری راگرتنی چالاكییه‌كان ته‌كنیكییه.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران باسی له‌وه كرد كه ئه‌و پێنج ملیار دۆلاره‌ی له رووسیا وه‌رده‌گیرن قه‌رز نییه و ئه‌و پاره‌یه بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌و پرۆژه هاوبه‌شانه ته‌رخانكراوه كه له‌گه‌ڵ مۆسكۆ ئه‌نجامیانداون.
عەباس موسه‌وی ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو كه سه‌ركۆماری ئێران، حه‌سه‌ن روحانی له كاتێكی نزیكدا سه‌ردانی هه‌ریه‌ك له ژاپۆن و مالیزیا ده‌كات و تاوتوێی پێشهاته‌كانی رەوش لە ئاسیا و رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ده‌كات.