Talha Yavuz
26 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 26 شوبات 2022
کیێڤ-AA
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا بڵاوی کردەوە، ٥١٦ ئۆتۆمبیلی زرێپۆش، حەوت ھێلیکۆپتەر، ١٠ فڕۆکە، زیاتر لە دوو ھەزار و ٨٠٠ سەرباز، نزیکەی ٨٠ تانک و ٢٠ مووشەکی جووڵاوی رووسیایان لە چالاکی خستووە.
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا لە راگەیەندراوێکدا کە لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، ئاشکرای کرد ھێرشی ھێزەکانی رووسیا بە پشتیوانیی چەکی دوور مەودا بۆسەر ئۆکراینا درێژەی ھەیە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە ھێزەکانی رووسیا بەردەوامن لە لەدەستدانی سەرباز و کەلوپەلی سەربازیی و لە سەرەتای ھێرشەکەوە تا ئێستا ٥١٦ ئۆتۆمبیلی زرێپۆش، حەوت ھێلیکۆپتەر، ١٠ فڕۆکە، زیاتر لە دوو ھەزار و ٨٠٠ سەرباز، نزیکەی ٨٠ تانک و ٢٠ مووشەکی جووڵاوی رووسیا لە چالاکی خراون.
ھاوکات فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا، ڤالێری زالونجی ئاشکرای کرد، بە دووریی ١٢ میل لە کەناراوەکانی بەندەری پیڤدێنی لە ئۆدێسا، کەشتییەکی سووتەمەنی کە ئاڵای مۆڵدۆڤای بەسەرەوە بووە، لەلایەن کەشتییەکی رووسییەوە کراوەتە ئامانج.