Ekip
10 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 10 نیسان 2023
کیێڤ - AA
فەرماندەی هێزەکانی وشکانیی ئۆکراینا، ئەلێکساندەر سرسکی ئاماژەی بەوە کرد کە رووسیا تاکتیکی بەناو کاولکاری سووریا لە شاری باخموت پەیڕەو دەکات.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لەلایەن فەرماندەیی هێزەکانی وشکانیی ئۆکرایناوە بڵاوکراونەتەوە، ئەلێکساندەر سرسکی سەردانی شاری باخموت-ی کردووە کە یەکێکە لەو ناوچانەی پێکدادانەکان تیایدا چڕە و زانیاری لە فەرماندەی یەکەکانەوە وەرگرتووە سەبارەت بە پرۆسەی بەرگری و ئەو کێشانەی پێویستییان بە چارەسەری بەپەلەیە.
فەرماندەی هێزەکانی وشکانیی ئۆکراینا کە بڕیاری دا لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو بەرەیە و ئامانجەکانی دیاریی کرد، هاوکات خەڵات و میدالیای دەوڵەتی بەخشییە ئەو سەربازانەی لەو بەرەیەدا دەجەنگن.
هاوکات سرکسکی باسی لەوە کرد کە چالاکیی سەربازانی ئۆکراینی کۆمپانیای ئەمنیی رووسی واگنەری لاوازکردووە، لەبەرئەوەشە ئەم کۆمپانیایە هێزی تایبەت و یەکەی هێرشی ئاسمانیی هێناوەتە جەنگی باخموتەوە.
فەرماندەی هێزەکانی وشکانیی ئۆکراینا باسی لەوە کرد کە جەنگی باخموت بۆ هەردوولا توندە و گوتی: ''دوژمن بەناو تاکتیکی کاولکاری سووریا پەیڕەو دەکات. بە هێرشی ئاسمانیی و تۆپباران باڵەخانە و بنکەکان لەناو دەبات''.
ئەلێکساندەر سرسکی ئەوەشی خستەڕوو کە بەردەوامن لە بەرگرییکردن لە باخموت و رەوشەکە سەختە، بەڵام دەتوانن لەگەڵیدا بڕۆن.
لەلایەکی دیکەوە لە هەژماری ناوەندی راگەیاندنی سەربازیی هێزەکانی بەرگریی و ئاسایشی ئۆکراینادا بڵاوکراوەتەوە کە لە یەک رۆژی رابردوودا، سوپای رووسیا هێرشی کردووەتە سەر هەشت ناوچەی ئۆکراینا.
لە راگەیەندراوەکەدا بانگەشەی ئەوە کراوە کە رووسیا بە چەکی هەمەجۆر هێرشی کردووەتە سەر ١٤٢ ناوچەی نیشتەجێبوون و کە بەهۆیانەوە زیان بەر ٨٣ ژێرخانی مەدەنی کەوتووە.