Ramal Mahmood
03 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 07 تشرینی دووەم 2016
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما بەشداری لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتی دیموکرات کرد لە شاری چاپل هیڵ ویلایەتی کارۆلینای باکوور.
ئۆباما ئاماژەی بەوە دا کە لە رەوشی سەرکەوتنی پاڵێوراوی دیموکراتەکان لە کارۆلینای باکوور کە یەکێکە لەو ویلایەتانەی ململانێی سەختی تێدایە، ئەوا هیلاری کلینتۆن براوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەبێت و گوتی: "ئەگەر لەو هەڵبژاردنە سەرکەوتوو نەبین، بەتایبەتی لە کارۆلینای باکوور، ئەوا ئەو پێشکەوتن و گەشەسەندنانەی لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوو بەدیمان هێناون کۆتاییان پێ دێت و ئەو بەرنامەیەی بۆ هەشت ساڵی داهاتوو دامانناون نایەنە دی. چارەنووسی وڵات بە دەسەڵاتەوە پەیوەندیدارە. بۆ ئەمەش بژاردەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە هەشتی تشرینی دووەم گرنگە. ئەگەر هیلاری کلینتۆن لە کارۆلینای باکوور براوە بێت، ئەوا دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا. بۆیە گوتم ئاییندەی گەلی ئەمریکا پابەندە بەئێوە. گاڵتەم نەکردووە".
ئۆباما لە گوتەکەیدا رەخنەی لە پاڵێوراوی پارتی کۆماری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ گرت و بانگەشەی ئەوەی کرد کە خەسڵەتەکانی سەرفەرماندەیی تێدا نابینێت و رایگەیاند کە ترەمپ نابێتە پیاوی پلانە مەزنەکان. جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ترەمپ براوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیش بێت و بشچێتە نووسینگەی سەرۆکییش (Oval office) هەڵسوکەوتەکانی ناگۆڕێت و، گوتی: "دەبێت واز لەو بیرکردنەوە بهێنین کە پێی وایە هەڵسوکەوتەکانی ترەمپ ئاسایین".
- لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن ئۆباما پشتگیری کلینتۆن دەکات
لەلایەکی دیکەوە باراک ئۆباما تا دوا چرکەساتەکانی وادەی هەڵبژاردن هەوڵەکانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ بانگەشەکردن بۆ پاڵێوراوی پارتی دیموکرات، هیلاری کلینتۆن.
ئۆباما دوینێ بەشداری لە کەمپینی هەڵبژاردنی پشتگیرکردنی کلینتۆن لە ویلایەتی ئۆهایۆ کرد، دوای ئەوەی ئەمڕۆش بە گوتەکانی پشتگیری لە هیلاری کلینتۆن کرد لە ویلایەتی کارۆلینای باکوور، روو دەکاتە ویلایەتی فلۆریدا بۆ هەمان مەبەست. سبەی ئۆباما بەشداری لە کەمپینی هەڵبژاردنی پشتگیرکردنی کلینتۆن لە شاری جاکسۆنڤیل دەکات. ئۆباما رۆژی هەینی جارێکی دیکە روو دەکاتەوە ویلایەتی کارۆلینای باکوور بۆ بەدستهێنانی پشتگیری زیاتر بۆ پاڵێوراوی پارتی دیموکرات، هیلاری کلینتۆن.